بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی الرشید سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لە بواری ئابوری و چاکسازییەکان لەم بوارەدا، وتی: پرۆژەی لاپەڕەی سپی چاکسازییە ئابورییەکان کە لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی خرایەڕوو، بە تەواوی لە دامەزراوە ئابورییەکانی حکومەتی عێراق ئامادە کرا و ئەمریکاش پاڵپشتیی لە جێبەجێکردنی دەکات و پێشتریش هانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانمان داوە کە یارمەتیدەری دۆخی ئابوری عێراق و بەرەوپێشچوونی بن.
ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە هاوکاریکردنی ئابوریی عێراق وتی: حکومەتی واشنتن پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق بە بەشێک لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەزانێت کە دەبێت بەدەر لە چوارچێوەی ئەمنی، لە بوارەکانی ئابوری، پەروەردە و ڕۆشنبیریش هەبێت و پتەوتر بکرێت و لەم پێناوەدا 450 ملیۆن دۆلار بۆ سەقامگیریی عێراق لە کەرتەکانی کارەبا و خزمەتگوزاری هاوکاری کراوە.
تۆلەر وتی کە ئەمریکا پێی وایە کە حکومەتی عێراق بە جیدی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە ئابورییەکان دەدات.
باڵیۆزی ئەمریکا وتی: بەدەر لە کەرتی نەوت و گاز، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی تەندرووستی، کشتووکاڵ و گواستنەوەش لە عێراقدان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵی 2020 کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە، زیاتر لە 3 ملیار و 780 ملیۆن دۆلار بووە.
ناوبراو سەبارەت بە هاوکارییەکانی کۆمپانیای جنڕاڵ ئەلکتریک لە عێراق وتی: زیاتر لە سەدا 60 ی کارەبای عێراق لە لایەن ئەم کۆمپانیاوە دابین دەکرێت و لە پێشکەووترین کۆمپانیاکانی جیهانە و ئەوەی کە لە سەر ئەم کۆمپانیایە هەندێک جار دەوترێت پەیوەندی بە گەندڵی لە عێراقەوە هەیە.
ماتیۆ تۆلەر سەبارەت بە ڕێکەوتنە هاوبەشەکەی عێراق و چین کە لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی عادل عەبدولمەهدی واژۆ کرا، وتی: ئەمریکا هیچ ڤیتۆیەکی لە سەر هاوکارییەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە بە تایبەت چین نییە بەڵام ئەمریکا لە ڕووی مرۆییەوە نیگەرانیی لە هەڵسووکەوتی کۆمپانیاکانی چین هەیە بە تایبەت ئەوەی کە لەو کۆمپانیانەدا ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە شەفافییەت و دەستپاکی لە بەرچاو ناگیرێت و بەدەر لەمەش ئەمریکا کێشەی لە گەڵ پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان بەغدا و پەکین نییە.
ناوبراو لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان عێراق و ئێران وتی: ئەمریکا لەوە تێدەگات کە عێراق لە گەڵ ئێران پەیوەندییەکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی و ئابوریی هاوبەشی هەیە و پاڵپشتی لە پەرەپێدانیشی دەکات بەڵام دەیەوێت کە ئەم پەیوەندییانە دابینکەری بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە چوارچێوەی ڕێزی بەرامبەردا بێت.
لێدوانەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بە وتەی شارەزایانی عێراقی، واشنتن ڕێگر بووە لەوەی کە ڕێکەوتنە هاوبەشەکەی نێوان بەغدا و پەکین جێبەجێ بکرێت، ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ئەگەری تەواو جێبەجێکردنی دەتوانێت جوڵەیەک بە کەرتی ئابوری عێراق بدات.
هەروەها عێراقی پاش 2003 کە ئەمریکای تێدا دەستڕۆیشتوو بووە و باڵیۆزەکەشی دانی بەوەدا ناوە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی کارەبای ئەم وڵاتەدا ئامادەیی و بەشدارییان هەبووە، تووشی کەم وێنەترین گرفتی کەمبوونی وزەی کارەبایە و بەردەوام خەڵک ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە. یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی حکومەتی بەغداش بەردەوام ئەوە بووە کە وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست نەداوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاترین پارەی بۆ ئەم کەرتە بەکارهێناوە و ئەویش تاڵانکردنێکی دیکەی پارەی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بووە./.