بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە میانەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای هۆرمزگان وتی: بە جیدی هەوڵی لابردنی گەمارۆکان دەدەین و لە هەمان کاتیشدا هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی سیزدەیەم، هەناردەی نانەوتی بە پلان و بەرنامەیەکی گونجاو زیاتر بووە.
ناوبراو وتی: گرانی و هەڵئاوسان نیگەرانی سەرەکیی خەڵکە بەڵام ڕەوتی دابەزینی دەستیپێکردووە و حکومەت هیوای بەوە هەیە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەم هەلومەرجەدا بکات.
ڕەئیسی لە سەر کۆرۆناش ئامارێکی بڵاو کردەوە و وتی کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، ڕۆژانە تا 700 کەس بە هۆی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست دەدا بەڵام ئێستا بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەتایە ئاماری گیان لە دەستداوەکان گەیشتووەتە کەمتر لە 30 کەسی ڕۆژانە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دڵنیایی ئەوەشیدا کە هیچ نیگەرانییەک لە سەر پاشەکەوتکردنی کاڵا و پێداویستییە سەرەکی و ستراتیژییەکان لە وڵاتدا نییە./.