بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەردەوامی کاردانەوەکانی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و دۆخی ئاڵۆزی سیاسیی ئەم وڵاتە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان زیاتر کردووە.
لە ماوەی چەند ڕۆژدا کازمی دوو جار سەردانی نەجەفی کردووە، سەردان و کۆبوونەوەکانیش بە تایبەت لەم کاتەدا گرنگی تایبەت بە خۆیان هەیە.
ئایا لە گەڵ سەدر گەیشتووەتە ڕێکەوتن؟
غەزەنفەر بەتیخ ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە کە جموجوڵەکانی مستەفا کازمی لە گەڵ هەندێک بڕیاری ناوبراو لەم ڕۆژانەدا، گوزارشت لە ڕێکەوتنێکی لە گەڵ موقتەدا سەدر بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات.
ناوبراو وتی: ئامانج لە گۆڕینی پارێزگاری نەجەف و گرنگیدان بەم پارێزگایە، لە پێناو پاڵپشتییە لەم ڕێکەوتنە، ناوەندی بڕیاردان سەردەمێک لە کەربەلا بووە و ئەمڕۆ بۆ نەجەف گواستراوەتەوە.
بەتیخ لە درێژەدا وتی کە حکومەتی زۆرینە لە ڕاستیدا هەمان حکومەتی تەوافوقییە و بە چەشنێک لە سەر پۆستەکان ڕێکەوتن دەکرێت، ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە کازمی دووبارە پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێتەوە، وەک چۆن کە محەممەد حەلبوسی بەو ئامانجەی گەیشتەوە.
ئامانجەکەی کازمی؟
محەممەد خۆشناو ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پێگەی العهد ی ڕاگەیاندووە کە کازمی پاش هەڵبژاردنەوەی حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، هەوڵی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی دەدات، سەردانەکانی ئەم دواییەی ناوبراو و چاوپێکەوتنی سەرکردە سیاسییەکان لە پێناو ئەوەیە کە دیسانەوە ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
عەلی فەتلاوی ئەندام لە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی کازمی لە گەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وتی کە ئەو کۆبوونەوە ئامانجی ئەوە بوو کەلێن بخاتە نێو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەی کە لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی ڕووی دا، شانۆگەرییەک بوو کە ناتوانێت گەلی عێراق فریو بدات.
حەیدەر بەرزنجی شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراقیش سەبارەت بە جموجوڵەکانی کازمی وتی: هەوڵەکانی کازمی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی لە گەڵ دەستێوەردانی ئەمریکا بۆ چالاککردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان تەنیا ئامانجی ئەوەیە کە دۆخی ئەمنی عێراق بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە بە ئاڵۆز پیشان بدات.
مستەفا کازمی لە 7 ی ئایاری 2020 لە پاش کەوتنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی و دۆخی ئاڵۆزی عێراق بووە سەرۆک وەزیران. ناوبراو سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بووە کە لە حوزەیرانی ساڵی 2016 تا وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەو دەزگایەدا چالاکیی دەکرد./.