دکتۆر سەردار عەزیز پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و بە تایبەت ڕێکەوتنە سێقۆڵییەکەی پارتی، سەدر و حەلبوسی، وتی: ئەگەری زۆرە کە سەدر بەرامبەر بەم هاوپەیمانییە هەڵوێستی بگۆڕێت، لە بەر ئەوەی کە سەدر لە مێژووی سیاسی خۆیدا بەوە ناسراوە کە زۆر بە زوویی هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت، بێ ئەوەی کە گرنگی بەوە بدات کە چی ڕوو دەدات و چی دەبێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بە گشتی جەماوەرەکەی لە گەڵ سەدرن، لە ماوەی پێشووشدا بینراوە کە چۆن هەڵوێستەکانی گۆڕیوە. سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی پارتی و تەقەدوم لە گەڵ سەدرییەکان ڕەنگە هەندێک بەردەوام بێت لە بەر ئەوەی کە ئەم دوو لایەنەی کورد و سوننە توانای پێکهێنانی حکومەتیان نییە و ئامانجی گەورەشیان نییە بەدەر لەوەی نەبێت کە بەشداری لە حکومەتدا بکەن، تا ئێستاش پشتگیری هەرێمی یان بنەمایەکی جیۆپۆلۆتیکی بۆ پیکەوەبوونیان هەیە، لە هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەدا لایەنی ناسەقامگیر سەدرە و ناتوانرێت گرەو لە سەر ناوبراو لە ڕووی سیاسییەوە بکرێت.
سەردار عەزیز سەبارەت بە ڕۆڵی تورکیا لە نزیککردنەوەی لایەنە سوننەکان و هەڵبژاردنەوەی محەممەد حەلبوسی وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، وتی: تورکیا بەردەوام ڕۆڵی هەبوو و واش دەبێت، بانگهێشتی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبوسیی کرد و ڕۆڵی لە نزیککردنەوەی ئەواندا هەبوو.لە ئاستی ناوچەکەش کە نزیکبوونەوەیەک لە نێوان وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بینراوە، دوو جەمسەرەکەی سوننەی عێراقیش لەو وڵاتانەوە نزیکن و ئەمەش ڕۆڵی لە نزیکبوونەوەیان هەبووە.
وتیشی: تورکیا لە ئێستادا بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقی داگیر کردووە و بنکەی سەربازیی تێدا جێگیر کردووە و هەوڵی پتەوکردنی پێگەی خۆیشی دەدات، ئەمەش سەقامگیری ناوچەکەی کردووەتە ئامانج و نیگەرانیی هێناوەتە پێشەوە. هیچ هێزێکی ناوچەکەش بەدەر لە پەکەکە هەوڵی ڕێگریی لەم سیاسەتەی تورکیا نەداوە، ئەگەرچی چەند لایەنێکی شێعەش ڕێگرییان کردووە بەڵام هەوڵەکانیان سنوردار بووە.
ئەم پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندی لایەنە سوننەکانی عێراق، وتی: سوونە بە دۆخێکی دواژردا لە عێراق تێپەڕ بووە، لە کاتێکدا کە ئەوان تا ساڵی 2003 باڵادەستی عێراق بوون، بەڵام پاش گۆڕانکارییەکانی 2003 پەرتەوازە بوون، بەو ناکۆکی و شەڕی ناوخۆییەوە هیوایان بەوە نەما کە جارێکی دیکە بتوانن حوکمی عێراق بکەن و تەنیا دەتوانن بەشێک لە عێراق بن، هەر بۆیە گۆڕانکارییان لە سیاسەت و هەڵوێستی خۆیاندا کردووە.
دکتۆر سەردار عەزیز لە کۆتاییدا وتی کە ئەمریکا وەک لایەنێکی دەستڕۆیشتووی عێراق کێشەی لە گەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی پێشوودا نییە، دەنگۆی ئەوەش هەبووە کە برێت مەکگۆرک داوای مانەوەی ئەو سێ کەسایەتییەی لە پۆستەکانیاندا کردووە، وەک چۆن کە بە هەڵبژاردنەوەی حەلبوسی پەیامی پیرۆزباییان بۆ نارد.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد