بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بەخیتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ” العربی ” هۆشداریی دایە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.
ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: بە پێی ڕێکەوتنێکی نێوانیان، سعوودیە سەرجەم پارێزگاکانی باشوری یەمەن ڕادەستی ئیمارات دەکات و لە بەرامبەر ئەوەش، ئیمارات وەک ڕابردوو سەرجەم توانا سەربازییەکانی خۆی لە یەمەن دەهێڵێتەوە.
ناوبراو وتی: ئەڵبەت ئیمارات چەند ساڵ بەر لە ئێستا هەوڵی کۆتایی هێنانی دەسدرێژی خۆیی لە یەمەن دەدا، ئێمەش دەرفەتمان بەو وڵاتەدا و هێرشەکانمان ڕاگرت بەڵام بەداخەوە کە ئیمارات لە ئێستادا دیسانەوە هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدات.
بەخیتی وتی: ئێمە لێرەوە هۆشداری بە ئیمارات دەدەین کە درێژە بەم ئاڵۆزییانە نەدات، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر بەردەوام بێت قووڵایی خاکی ئەو وڵاتە دەکەینە ئامانج.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەر دووبارەکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکان بە مووشەکی بالستی وتی کە بەڵێ، ئەگەری وا هەیە لە بەر ئەوەی کە ئێمە لە دۆخی شەڕداین./.