بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ند پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، وتی: ئێمە داوای گەڕانەوەی تەواو و بەرامبەر بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دەکەین، دانوستانەکان لە گەڵ ئێران لە ڤیەننا بەردەوامە و لە ڕۆژانی ڕابردوو تا ڕادەیەک بەرەوپێشچوون هەبووە و پێویستمان بە خێراترکردنی ڕەوتی دانوستانەکان بە هۆی پێشکەوتنی پلانی ناوەکی ئێرانەوە هەیە.
ناوبراو ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بە بەرپرسیار لەم دۆخەی ئێستا ناو برد و وتی: ئەو بەڵێنانەی کە ئیدارەی پێشوو بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی سەر ئێران دایبوو و ڕایگەیاندبوو کە دەگاتە ڕێکەوتنێکی باشتر، نەک تەنیا جێبەجێ نەکرا، بەڵکوو هەنگاوەکانی ئێرانیشی خێراتر کرد.
هەروەها ژان ئیۆ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەەرنسا ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی گەورەی جیهان لە ڤیەننا خێراییەکی ئەوتۆی نییە.
ناوبراو وتی کە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی، ڕێگەیەکی دوور و درێژمان لە پێشە./.