بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان لە چاوپێکەوتنی شاندێکی ئەنجومەنی ناوەندی بزوتنەوەی فەتح ی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی جبریل ڕەجوب، جەختیکردەوە کە لوبنان و لوبنانییەکان بەردەوام لە گەڵ گەلی فەڵەستین و مافە ڕەواکانی ئەوان دەمێننەوە و تا دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی فەڵەستین ئەو پاڵپشتییەش بەردەوام دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لوبنان بەردەوام لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها لە سەر ئاستی ناوچەکەش پرسی فەڵەستینی وەک یەکەمایەتی و ستراتیژی سەرەکی خۆی داناوە، وتی کە بەیروت بڕوای بەوە هەیە کە گەلی فەڵەستین دەبێت بە ئاشتی و لە وڵاتی سەربەخۆی خۆیاندا بژین.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا جبریل ڕەجوب سەرۆکی شاندەکەی بزوتنەوەی فەتح، وتی کە بوونی فەڵەستینییەکان لە لوبنان بەردەوام مایەی ئاشتی و سەقامگیری بووە و میوانداری لوبنانییەکانیش بەرز دەنرخێنین./.