جام کوردی – وتارەکە کە لە ماڵپەڕی ژنەفتن بڵاوکراوەتەوە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە و هەرکامیش چەند بەشی تر دەگرێتە خۆی. لە بەشی یەکەمدا هەوڵ دراوە لەسەر گرینگی فەلسەفەی گۆڕانکاریی ڕەوتە شیعرییەکان و نواندنی جیاوازییەکان بدوێین و بە خوێندنەوەی سەردەمی بەراوردکارییان بۆ بکەین.
کورتە
هەڵسەنگاندنی ئەدەبی نێوان دوو ڕەوت یان دوو نەریتی شیعری یان دوو شاعیری خاوەن شێواز، بەستێنەیەکە بۆ ناسین و ناساندنی بۆتیقا1جیاواز و هاوچەشنەکانیان. لەم وتارەدا دوو ڕێبازی شیعری کوردی خراونەتە بەر باس و شەن و کەو کردن. لە سووچە ڕوانینێکەوە، لە سەر وێنای دووبارەبوونەوەی مۆرکە ئەدەبییەکانی شیعری گۆران(هورامی)، زمانحاڵی درێژهەناسەیی پرۆسەی مێژوویی ئەم ڕەوتە، داکۆکی کراوە. لە لایەکی دیکەشەوە، قابیلیەتەکانی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاست کە لە سەردەمێکی تایبەتدا، بە تەنیا(بڕوا بە خۆتەوەری) و بەبێ گەنجینەی دەوڵەمەندی ئەدەبیی پێش خۆی، بەڵکوو لەناو فەرهەنگێکی هەژار و زمانێکی دیالێکتدا، سەری هەڵداوە و درەوشاوەتەوە؛ نرخێندراوە. مەولەوی تاوەگۆزی و نالی شارەزووری، بە دوو هەناسەی جیاواز و کیانی ئەدەبی و کاریگەرییەکانیانەوە، هەریەک بە چەشنێک، هێمای ئەم دوو ڕەوتە ئەدەبییە هەژمار دەکرێن. لەم پێناوەدا هەوڵدراوە لەسەر جیاوازیی ئەدەبی و کاریگەرییەکانی ئەم دوو شاعیرە لە سەر شاعیرانی سەردەم و پاش سەردەمی خۆیان بکۆڵرێتەوە و خاڵی پێگەیشتنی ئەم جیاوازییەش لە ڕیفۆرم و هەوڵە نوێخوازییەکانی عەبدۆڵڵا گۆراندا نیشان بدرێت. واتە ئەم شاعیرە نوێخوازە لە پێکهاتەی فۆرم، کێش، مووسیقای شیعری عەرووزی و شێوەی دەربڕینی قوتابخانەی ئەدەبیی نالی لا دەدات و بە دیاردەیەکی دەرەکی دەزانێت و دەگەڕێتەوە بۆ فۆرم، کێشی بڕگەیی و ڕوون بێژی و ڕەوان بێژی (سهل ممتنع) مەولەوی و سەرجەم نەریتی ئەدەبیی گۆران و دەبێتە هۆی وەرچەرخانی نوێ کردنەوەی شیعری کلاسیکی کوردیی سۆرانی.
پێشەکی
بە تێڕامان لە مێژوو وەک تەنیا سەرچاوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هیچ دیاردەیەک لەم کەونەدا چەقبەستە و نەگۆڕ نەبووە، بەڵکوو هەموو دیاردەیەکی جیهان بەپێی یاسای دیالێکتیک لە حاڵی گۆڕانکاریدایە، ئەم یاسا بزاوتووە لە هەموو ئۆبژەکاندا، کاریگەری و کاردانەوەی هەبووە. (پولیتسر، ١٣٥٨: ١٢١). بە تێپەڕ بوونی دۆخ و هەلومەرجی تایبەتی کۆمەڵگە، دەقی شیعر گۆڕانکاریی جیاواز بە خۆیەوە دەبینێت. بێگومان ڕەوتی شیعری کوردیش لەم یاسا بەدەر نییە و وێناکانی ئەم پڕۆسە لە مێژووی ئەدەبیدا دەبینین. هەر بەم بۆنەوە لە سووچەنیگای «شێوازناسیی دەربڕین»دا، پۆلێک باسی بەرجەستەی ئەدەبی بە کارکردی نیشانەناسی، دێنە نێو چالاکیی نووسینەوە و ئەرکی شێوازناس و لێکۆڵەری ئەدەبییە کە بە چاوی بەراوردکارانە لێیان بکۆڵێتەوە. ئەوەش پێویستی بە خستنە ڕووی پێوەندیی چڕ و پڕی هەندێ توخمی زمانی، ئەدەبی و هزریی بە ناودەنگ، بڕگە، تاک وشە، وشە، پێکهاتە، تا پێکهاتەی پێکهاتە2هەیە، کە دەرەنجامی ڕەخساندنی «شێوازی تاکی» و «شێوازی گشتی» شیعر و شاعیریە بۆ هەر ڕەوتێکی ئەدەبی. تەتڵە و هەڵاوێردنی ئەم توخمانەش، دەبنە هۆی «جیاوازی» یان هاوچەشنی و هاوشێوەیی قۆناغەکانی شیعری نەتەوەیەک (کدکنی شفیعی، ١٣٩١: ٢٥٥). ئەمە تاکە رێگایە بۆ خوێندنەوەی زانستی-سەردەمیانەی زمان و ئەدەبی کوردی. بەم پێیە ئەرکی لێکدانەوە و نواندنی جیاوازیی ئەم دوو شێوازەش کەوتوەتە ئەستۆی ئەم وتارەوە.
وتارەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە و هەرکامیش چەند بەشی تر دەگرێتە خۆی. لە بەشی یەکەمدا هەوڵ دراوە لەسەر گرینگی فەلسەفەی گۆڕانکاریی ڕەوتە شیعرییەکان و نواندنی جیاوازییەکان بدوێین و بە خوێندنەوەی سەردەمی بەراوردکارییان بۆ بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش لە بەشی (١-١) و (١-٢) باس لە پێشینەی توێژینەوەکە کراوە و لەم پێوەندییەدا هەوڵ دراوە ئەو کتێب و نووسراوانە کە لەم پرسە کۆڵراونەتەوە بخرێنە ڕوو و ئەمجار لەسەر خوێندنەوەی زانستیی ڕەوتە ئەدەبییەکانی کوردی وەک ئەرکێکی هەنووکەیی داکۆکی بکرێت. بەشی دووهەم خۆی لە پێنج بەشی تر پێکهاتووە: مەولەوی هێمای گێڕەرەوەی زانای شیعری کلاسیکی کوردی هەورامی؛ نالی ئەندازیاری زمان و شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست و قۆناغێکی هەستیاری سیاسی- ڕۆشنبیریی کورد؛ زمانی ناجێدیی شیعر و ململانێی بەرچاو؛ عەبدۆڵڵا گۆران و گەنجینەی دێرین و شۆڕشێکی سەردەمیانەی ئەدەبی؛ عەبدۆڵڵا گۆران و لادان لە توخمی باو وهەوڵ بۆ تەڕ و پاراوێتی زمانی شیعر کە لە ناواخن وتارەکەدا بە خەستی باسیان لەسەر کراوە. بەشی سێیەم ئەنجامی لێکۆڵینەوە، بەشی کۆتاییی وتارەکەیە و بەپێی بەردەوامیی مۆرکە ئەدەبییەکانی شیعری کوردیی هەورامی و بە دەنگەوەهاتنی ئەرکی شێوازناسی و وێنای کاریگەرییەکان، نووسەر پێی وایە کە مێکانیزمی سەرهەڵدانی ڕەوتی ئەدەبیی سێ کوچکەی بابان نە تەنیا لە سەردەمی مەولەوی و پاش مەولەوی بەڵکوو لە هیچ سەردەمێکدا کۆتاییی بە پڕۆسەی یەک لە دوای یەکی ئەم شیعرە نەهێناوە.
١- ١- پێشینەی لێکۆڵینەوە
پێشتر هەندێ لێکۆڵینەوەی توکمە، بەپێز و ئاکادێمی لەسەر شیعری کلاسیکی گۆران و شیعری کلاسیکی کوردیی ناوەڕاست کراوە و هەرکام بە چەشنێک توێژینەوەیان لەسەر ئەم نەریتە شیعریانە کردووە. وەک نامە ئاکادێمییەکەی ئەنوەر قادر موحەمەد و کتێب و وتارە زانستییەکانی بەختیار سەجادی کە هێما و ناوەڕۆکیان شیاوی پێزانینە. وتاری «شێوازناسیی وێژەی گۆران: تایبەتمەندییە سەرەکییەکان» بە وردی و نرخناسانە لەسەر تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شیعری گۆران لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە (ناوەڕاستی سەدەی یازدە تا ناوەڕاستی سەدەی سێزدەی کۆچی) دواوە و لە خشتەیەکی بەرچاو و نوێندراو و شێوازناسانەدا، تایبەتمەندییەکانی شیعری گۆرانی خستووەتە ڕوو و ئەمجار بە جیاوازییەوە، مۆرکە ئەدەبییەکانی ئەم دوو ڕەوتە شیعرییەی تاوتوێ کردووە(سەجادی، ١٣٩٥: ١٤٨-١٢٥). هەنێ دەقی مێژوویی تر وەک کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، عەلائەدین سەجادی، نووسراون کە بە شێوەیەکی خەسارناسی و بەراوردکارانە ئاوڕیان لەم دوو ڕەوتە شیعرە نەداوەتەوە؛ بۆیە بۆچوونەکانیان ناتوانێت وێنای کاریگەرییەکانی پاش خۆیان بێت. ئەم دوو سەرچاوەش: «مێژووی ئەدەبی کوردی» لە نووسینی مارف خەزنەدار و وتاری «نالی کێیە و چۆن بۆی بنواڕین» لە نووسینی محەمەد حەمە باقی، هەرکام لە سووچەنیگای تایبەتی خۆیانەوە، ئەم دوو ڕەوتەیان خستووەتە ژێر تیشکی لێکدانەوە و تاوتوێکردنەوە و نووسیویانە: «نالی، سالم و کوردی بناغەی پتەوی ئەم قوتابخانەیانە (شیعری عەرووزی؛ غەزەڵ و قەسیدە) لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم، لە ناوچەی سلێمانیدا چەسپ کرد. ئەم بزووتنەوە ئەدەبییە نوێیە لە هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان بڵاو بووەتەوە، گەلێ لە ناوچە و هەرێمەکانی گۆرانزەمینی گرتەوە، بەم ڕەنگە بەهێزبوونی قوتابخانەی نالی لە سەر حسێبی لاوازبوون و (تەنگ پێهەڵچنین) و نەمانی ئەدەبی کلاسیکی گۆرانزەمین بوو»(خەزنەدار، ٢٠٠٣: ٦) و (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ١٣٥.)
ئەم وتارەش بە شێوەیەکی بەربڵاو لەم گوزارە کۆڵراوەتەوە و ڕوانگەی ئەم دوو نووسەرەی خستووەتە ژێر باس و نرخاندنەوە.
لە لایەکەوە ئەمە بە ڕاست دەزانێ کە قوتابخانەی نالی لەسەر تەنگ پێهەڵچنین و بەرتەسک کردنەوەی بازنەی جۆغرافیا بە ئەدەبی گۆران سەری هەڵدابوو؛ لە لایەکی دیکەشەوە پێی وانییە کە ئەم ڕەوتە ئەدەبییە لە ناوچووبێت یان تەنانەت داتەپیو بێت. بەڵگەشی چەپکێ ڕێسای ئەدەبی: هونەرسازە و مۆرک و نیشانە یەکچەشنییەکانن کە دەبنە زمانحاڵی ژیوی ئەندامیی بۆ ئەم ڕەوتە شیعرە کە لە سەرەتاوە تا پاش مەولەوی و هەنووکەش چالاک و بزاڤمەند ماونەتەوە و تەنانەت عەبدۆڵڵا گۆران باوکی نوێخوازیی شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست لەسەر بناغەی ئەم بژێوە شیعرییە و خسڵەتی مووسیقایی بڕگە و مۆرکە ئەدەبییەکان و زمان پاراویی شاعیرانی هەورامی کاریگەریی وەرگرتووە، نەک لە دیاردەی کێشی عەرووزی عەرەبی و فۆرمی غەزەڵ و قەسیدەی نالی و شاعیرانی هاودەم. لەم ڕاستادا هەندێک نووسەر و توێژەری تریش (وەک خاڵێکی ئەرێنی بۆ ئەم وتارە) پێیان وایە شیعری نوێی کوردی، خاڵی پێگەیشتنی دوو سامانی گەورەی شیعری کلاسیکی کوردییە کە بریتین لە دوو نەریتی گۆران و کرمانجیی ناوەڕاست (سەجادی، ١٣٩٧: ٢٢٧). لە درێژەی وتارەکەدا وردتر باسی لەسەر دەکەین.
١-٢- ڕەوشی بابەتی و خوێندنەوەی ڕەوتەکان و ئەرکێکی هەنووکەیی
بەراوردکردنی دوو ڕێبازی مێژوویی، بە دوو شێوازی جیاوازەوە، بێ پاڵپشتی پێوەندی واقێعەکان و فەلسەفەی گۆڕانکاری و کاریگەری و کاردانەوەکەیان، بێگومان پۆلێ پرس و هەندێ باسی ئاڵۆز و دژواز بۆ بەردەنگ دروست دەکات. من پێم وانییە کە کەس مافی دەربڕینی ڕوانگەی تایبەتیی خۆی نەبێت، پێچەوانە پێداگریم لەسەر ئەوەیە با بە سنگی کراوە لەسەر فرانەیی ژانری ئەدەب و شیعر بنووسرێت و یان بەدواچوونی بۆ بکرێت و هەرکەس پشک و داهێنانی خۆی بخاتە سەر ئەو خوانە ڕەنگینە. بەڵکوو کێشەی من تەنیا بۆ «هەژاریی ڕەوش» و ڕەهاخوازی و سەلیقەیی نووسین لە ساباتی زمان، ئەدەب و شیعردا دەگەڕێتەوە.لە واقێعدا ئەرکی هەر ڕەخنەگرێکە کە ئاوڕ لەم خەسارە بداتەوە. ئەم وتارەش لەم یاسا بەدەر نییە، ئەو مافەی بۆ هەر ڕەخنەگرێک ڕەخساندوە؛ مادام ڕەخنەکەی شەقڵی هەڵسەنگاندنی زانستی پێوە دیار بێت، بەبێ لێبوردن و چاوپۆشی کردن، بخرێتە ژێر تێخی ڕەخنەی بابەتییەوە.
٢- مەولەوی و نالی؛ هێمای دوو شێوازی جیاوازی شیعری کوردی
٢-١- مەولەوی تاوەگۆزی(١٢٢١-١٣٠٠ه.ق)؛ هێمای گێڕەرەوەی زانای شیعری کلاسیکی گۆران
وەک پێشتر نووسیمان بە تێکڕا ئەدەبی گۆران خاوەن گەنجینەیەکی دێرینە و مەولەوی تاوەگۆزیش شاعیرێکی کاریزما و کاربەخشی مێژووی ئەدەبیی کوردی بووە. بەگشتی و بە درێژاییی تەمەن، تایبەتمەندییە ئەدەبییەکانی فۆرم و ناوەڕۆکی شاعیرانی ئەم ڕەوتە بریتی بوون: بەردەوامبوونی یەک لە دوای یەکی هونەرسازە و مۆرکە ئەدەبییەکان (کێشی بڕگە، فۆرمی جووت سەروا/مەسنەوی، ڕوانگەی غنایی و شێوەی دەربڕینی یەکچەشن)، پەسەندی زەینی و زمانیی خوێنەری ئاسایی و مامناوەندی و نوخبە، ساکاریی زمان، ڕەوانبێژی و ڕوونبێژی لە تەشک و دلێنەدا5. ئەم خسڵەتانە لە لایەن نووسەری ئەم دێڕانەوە پێشتر لە حەوت قۆناغدا، پۆلێنبەندی کراوە (محمدپور،١٣٩٢: ٢١). لەم ڕەوتەدا، ئەو نەمامەی کە لە شیعری (هورمزگان)ەوە گۆپکەی کردبوو و لە (بێسارانی)دا بوو بە باخچە و لە (سەیدی)دا رەنگاڵە بوو و لە مەولەویدا گەیشتە سەمەر و پاش مەولەوی و هەنووکەش لە بەهرە و داهێناندایە. «مەلا محەمەد فکری (١٣١٠ کۆچی کردووە)، شێخ محەمەد نەسیم مەردۆخی(١٣١٩ ک.م کوچی کردووە)، سەی یاقۆی ماهیدەشتی(١٣٢٦ک.م)، تاهێر بەگی جاف(١٢٩٥-١٣٣٧ ک.ه)، مەڵا هەسەنی دزڵی(١٢٧٥-١٣٦٤ ک.م)، ئاغە عەنایەت(١٢٦٠-١٣٣٥ ک.ه)، محەمەد ئەمین کاردۆخی، دانا هەورامی(1934-1979)، سەی تاهێری هاشمی، شێخ ئەمینی نەقشبەندی(بێوەی)، عەبدۆڵڵای ئەقدەسی(١٣٤١-١٤٠٦)، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕێس، مەلا عەبدۆڵڵای کاتب (١٣٥٣-١٤٢٥ک.م)، مەڵا سادێقی نگڵی(١٢٨٠-١٣٤٥ ک.ه)، میرزای هەورامی، محەمەدی فەهیم، یوسف رەسووڵ ئابادی(١٣٣١-١٣٨٧ک.ه)، میرزا سەعدۆڵڵای هەجیجی(١٣٩٦-١٣٠٢)، مۆمنی یەزدانبەخشی پاوەیی، سەعدی غەریبی و دەیان شاعیری تری پاش مەولەوین کە زۆربەیان لە کتێبخانەی کوردیدا خاوەن دیوانی شیعرن.
کۆتایی بەشی یەکەم