بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە هەڵبژاردنەوەی محەممەد حەلبوسی وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، دوور نییە کە بەرهەم ساڵحیش وەک سەرۆک کۆمار جارێکی دیکە لە کۆشکی سەلام بمێنێتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەو هێڵە سوورەی پێشتر باس دەکرا کە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە دەبێت بگۆڕدرێن، نەماوە و لە لایەکی دیکەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە توندی پێداگری لە سەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەکات.
حەلبوسی لە پاش هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمان، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە و بە پێی دەستووری ئەم وڵاتە، دەبێت سەرۆک کۆمار تا 8 ی مانگی شووبات هەڵبژێردرێت.
بەڵام پێدەچێت پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق تا دوو یان سێ مانگی دیکە سەر نەگرێت، لە بەر ئەوەی کە لە نێو لایەنە سیاسییەکانی شێعەدا ڕێکەوتنی پێویست نەکراوە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت ڕۆڵ و پشکی لە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران هەبێت بەڵام ڕەوتی سەدر بەردەوام پێداگری لە سەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکات نە حکومەتێک کە ئاکامی ڕێکەوتنی سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان بێت.
هەڵبژاردنی حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان پیشان دەدات کە ناوبراو لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر پێشوەختە لە سەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەت ڕێکەوتنی کردووە بەڵام دۆخی هەستیاری عێراق بەرگەی ئەم جۆرە ڕێکەوتنانە ناگرێت و ئەستەمە لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوی سەرۆک وەزیران و کابینەکەی یەکلایی بکرێتەوە.
بە هۆی ئاڵۆزییەکانی یەک شەممەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان دان بە دەستەی سەرۆکایەتیدا نانێت و ئەمەش ڕەنگە کاریگەریی لە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران هەبێت.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە سەردانی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی کرد، هاوکات باس لەوە دەکرێت کە محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانیش نیازی نێوەندگێڕیی لە نێوان ڕەوتی سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بەڵام ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە پێشێلکارییەکانی بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتن و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبەنە دادگای فیدراڵی. ئەمەش تەنیا پێمان دەڵێت کە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاسان نییە و حکومەتێکی تەوافوقی وەک خولەکانی ڕابردوو چارەسەر دەبێت، ئەویش بە بۆچوونی شارەزایان هێندە جێی دڵنیایی نییە و ڕەنگە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان و حکومەت وادە یاساییەکەی خۆی تەواو نەکات./.