بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشێک لە کۆشکە جوانەکانی تارانیش ڕووخان و لە سەردەمی پاڵەوی لە شوێنی ئەوان کۆشکی نوێ کرانەوە تا دەسەڵات شکۆی خۆی بە جیهان بناسێنێت. ئەو کۆشکانەی کە لە سەردەمی قاجاڕ بە یادگار ماونەتەوە بەراورد بە کۆشکەکانی سەردەمی پاڵەوی سادەترن، بەو هۆیەی کە لە سەردەمی پاڵەویدا هەوڵی گەڕانەوەی شکۆی حکومەتەکانی پێشووتر دەدرا و بەراورد بە سەردەمی قاجاڕ پەیوەندییەکی زیاتر لە گەڵ وڵاتانی دەرەوەدا هەبوو، هەر بۆیە هەوڵی دەدا شکۆی کۆشکەکانی بە سیاسەتمەدارانی جیهان بناسێنێت.
لە درێژەدا کورتەیەک لە سەر 10 کۆشکی پاشایەتی شاری تاران باس دەکرێت:
1 – کۆشکی گوڵستان
لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری تارانە کە کۆمەڵەی کۆشک و مۆزەخانەی گوڵستان یادگارێکی بەجێماوی قەڵای مێژوویی تارانە، وەک شوێنی مانەوەی پاشاکانی دەسەڵاتی قاجاڕ و لە جوانترین و کۆنترین بیناکانی پایتەختی دووسەد ساڵەی ئێرانە. کۆشکی مۆزەخانەی گوڵستان ڕۆژگارێک وەک نقێمێک لەو قەڵایەدا دەدرەوشایەوە. مێژووی قەڵای پاشایەتی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە. شا تەهماسپی یەکەمی سەفەوی، یەکەم شا بووە کە لە سەردانەکانی خۆی بۆ زیارەتگەی پیرۆزی حەزرەتی عەبدولعەزیم فەرمانی بە کردنەوەی دیوارێک بە دەوری تاران دا. پاش ئەویش شا عەباسی سەفەوی لە بەشی باکوری دیواری تەهماسپی چوار باخ و دارستانێکی چناری کردەوە کە دواتریش دیوارێکی بەرزی بە چواردەوریدا کردەوە و بیناکانی پاشایەتیی لەو ناو ئەوەدا درووست کرد و ناوی ئەرگ یان قەڵایان لە سەر نا.
2 – کۆشکی سەعدئاوا
کۆمەڵەی کۆشک و مۆزەخانەی سەعدئاوا لە داوێنی توچاڵ و دۆڵی سەرسەوزی دەربەند، لە بەشێکی دڵڕفێکی باکوری شاری تاراندایە کە ڕوبەرەکەی یەک ملیۆن و سەد هەزار مەتری چوارگۆشەیە. سەعدئاوا کە لە باکورەوە دەگاتە چیاکانی ئەلبورز، لە ڕۆژهەڵاتەوە دەگاتە گوڵاب دەڕە، لە ڕۆژئاواوە دەگاتە وەلەنجەک و لە باشورەوە دەگاتە تەجریش، لە سەردەمی قاجاڕ شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی هاوینەی پاشاکانی ئەم دەسەڵاتە بووە. پاش کودەتاکەی ساڵی 1299 ی کۆچی هەتاوی، لە ڕوبەرێکی زیاتر و پێکەوەلکانی چەندین باخی جیاجیا، بووە شوێنی مانەوەی هاوینەی ڕەزاخان. کۆشک و بارەگاکانی ئەم کۆمەڵەیە دەگاتە 14 کۆشکی گەورە و بچووک و هەر یەک لە سەر شێوازێکی تایبەت درووست کراون.
3 – کۆشکی ساحیبقڕانییە
کۆشکی ساحیبققڕانییە لە ناوچەی نیاوەران بە یەکێک لە جوانترین ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری تاران دادەنرێت. ڕووداوە گرنگ و چارەنووس سازەکانی پشت دیوارە پتەوەکانی ئەم کۆشکە 150 ساڵەی تاران، لە گۆڕینی ڕێگای مێژوودا سەرکەوتوو بووە. شارۆچکەی نیاوەران بەردەوام یەکێک لە شوێنە دڵڕفێنەکانی تاران بە کەش و هەوایەکی ساردەوە بووە. ئەم ناوچەیە لە سەردەمی قاجاڕیش بەردەوام جێی بایەخ و گرنگیی پاشاکان و بەرپرسانی باڵای حکومەت بووە. ناسرەدین شا لە ساڵی 1267 ی کۆچی مانگی فەرمانی بە حاجی عەلیخان حاجب دەولە کرد کە بینای ساحیبقڕانییە درووست بکات.
4 – کۆشکی نیاوەران
کۆشک و مۆزەخانەی نیاوەران لە باخێکی گەورەدایە بە ڕوبەری 11 هێکتار لە باکوری تاران کە هەڵگری جوانی و دیمەنی سرووشتی و مێژووییە. بیناکانی ناو ئەم کۆمەڵەیە بۆ سەردەمی قاجاڕ و پاڵەوی دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا ئەم کۆمەڵەیە چەندین بینای وەک کۆشکە تایبەتەکەی نیاوەران، مۆزەخانەی قوماش و جلوبەرگی پاشایەتی، کۆشکی ئەحمەد شایی، مۆزەخانەی جیهان نما، کتێبخانەی تایبەت، مۆزەخانەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانی کۆشکی نیاوەران، گوڵخانەکان و …. لە خۆ دەگرێت.
5 – کۆشکی شارەبانی (هێزی سەربازیی ناوخۆ)
کۆشکی شارەبانی بینایەکە کە لە گۆڕەپانی مەشق (باخی نیشتمانی) لە ناوەڕاستی شاری تاران بۆ فەرمانگەی شارەبانی کراوەتەوە. بینای کۆشکی شارەبانی لە ساڵی 1315 ی کۆچی هەتاوی درووست کراوە. لە درووستکردنی ئەم بینایە، کاریگەری شێوازی بیناسازیی نئۆکلاسیکی ئەورووپی دەبینرێت. هاتنی ئەم شێوازەش بۆ ئێران بۆ سەردەمی پیشەسازی و دەسپێکی حکومەتی ڕەزاشایی دەگەڕێتەوە. شێوازەکەش لە ئێران لە لایەن ئەندازیارانی وەک ئەندرە گودار و نێشر پەرەی پێدرا و ئەندازیارانی ئێرانیش لە درووستکردنی بیناکان لە ساڵانی 1306 تا 1318 ی کۆچی هەتاوی لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا چالاکییەکانی خۆیان بەردەوام کرد کە بینای شارەبانی یەکێک لە بینا گرنگەکانی ئەو سەردەمەیە.
6 – کۆشکی فەرەح ئاوا
کۆشکی فەرەح ئاوا یان کۆشکی فیروزە لە تاران، لە کۆتایی شەقامی پیروزیدایە، ئەم کۆشکە پەیوەندیی بە سەردەمی قاجاڕ و لە دوشان تەپە لە سەر فەرمانی موزەفەرەدین شا درووست کراوە. کۆشکی پاشایەتی فەرەح ئاوا لە ساڵی 1281 ی کۆچی هەتاوی لە شارۆچکەی فەرەح ئاوا لە ڕۆژهەڵاتی تاران دەستیپێکرد و پاش دوو ساڵ کۆتایی هات و بۆ درووستکردنی کەڵک لە نموونەی کۆشکی تروکادرۆی پاریس وەرگیراوە.
7 – کۆشکی موزەفەری
کۆشکی موزەفەریی تاران لە شوێنە مێژووییەکانی ئەم شارەیە کە لە گەڕەکێکی ناسراوە بە ناوی دارئاوا. ئەم کۆشکە جوانە لە دوو نهۆم و بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی بیناسازیی فەرەنسا درووست کراوە.
8 – کۆشکی داد
کۆشکی داد بە تەنیا بینای مێژوویی و سەرەکیی دەزگای داد لە ئێران دادەنرێت کە لە شەقامی خەیامی تاراندایە. درووستکردنی کۆشکی داد لە سەردەمی سەدرولئەشرەف دووەم سەرۆکی دەزگای دادی پاڵەوی بە کۆمپانیای ئشکۆدای وڵاتی چێک فرۆشرا. درووستکردنی بینای کۆشکی داد لە ساڵی 1317 ی کۆچی هەتاوی دەستیپێکرد بەڵام پاش دوو ساڵ بە هۆی شەڕی دووەمی جیهانییەوە ڕاگیرا. ئەم بینایە لە ئاکامدا بە ئامادەبوونی قەوام سەڵتەنە کرایەوە. بینای کۆشکی داد لە لایەن گابریەل گورکیان ئەندازیاری بەناوبانگی ئەرمەنی درووست کرا.
9 – کۆشکی بەهارستان
کۆشکی بەهارستان یان بینای ئەنجومەنی نیشتمانی لە گۆڕەپانی بەهارستانی شاری تاراندایە. میرزا حوسێن خان قەزوێنی لە ساڵی 1289 ی کۆچی مانگی بڕیاری درووستکردنی چەند بینایەکی گەورەی لە زەوییەکانی بەهارستان دەرکرد، ناوبراو هەوڵی گۆڕینی سیمای شاری تارانی دەدا و لە گرنگترینی بیناکانیش، کۆشکی بەهارستان بووە.
10 – کۆشکی سابت پاساڵ
گەورەترین ماڵی مێژوویی تاران، کۆشکی ڤێرسای ئێران، یان هەمان کۆشکی سابی پاساڵە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی پاڵەوی دەگەڕێتەوە. بۆ درووستکردنی کەڵک لە ڤێرسای فەرەنسا گیراوە و بە هۆی ڕوبەری 11 هەزار و 543 مەتری چوارگۆشەیی بە گرانترین و گەورەترین خانووی شاری تاران نازناوی دەرکردووە، ئەویش لە یەکێک لە گرانترین شوێنەکانی تاران لە شەقامی جۆردەن. دەوترێت کە درووستکردنی ئەم کۆشکە هاوکات لە گەڵ سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی هوەیدا لە دەسەڵاتی پاڵەویدا بووە./.