بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی بەشداریی لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەم وڵاتە وەک بەرگرییەک لە پرۆژەپێشنیاری بودجەی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی، وتی: سەرەڕای سەرجەم هەڕەشە و گەمارۆکان ئەمڕۆ زیاتربوونی هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانمان هەیە، پێشتر هەندێک باسیان لەوە دەکرد کە ناکرێت بەڵام ئەمە ڕوویدا و لە لایەکی دیکەوە داهاتەکەی دەگەڕێتەوە و ئەمەش لەم دۆخە ئابورییەدا یارمەتیدەر دەبێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک جەختیان لەوە دەکردەوە کە پارە یان ئەگەری هەناردەی نەوت نییە یان هەناردە دەکرێت و پارەکەی ناگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە بوو بە کردەوە، واتە زیاتربوونی هەناردەی نەوت و گەڕانەوەی داهاتەکەشی بۆ وڵات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەدا کردەوە و وتی: ئێستا ئەم هاوسەنگییە لە سیاسەتی دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و جیهان هەبووە و سەلمێندراوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم سیاسەتە پەیرەو دەکات، لە ماوەی سێ تا چوار مانگی ڕابردوو پەیوەندییە ئابورییەکان لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە تا سێ هێندە بەرز بووەتەوە.
حەسەن مورادی مامۆستای زانکۆی تاران سەبارەت بەم پرسە ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی لە ڤیەننا بەردەوامە و بە پێی ڕووداوە ئەرێنییەکان، هیوادارین دانوستانەکان بگاتە ئەنجام.
ناوبراو وتی: گرنگترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوو، پەیوەندی لە گەڵ کڕیارانی بیانی و دابینکردنی ڕێگای نوێی فرۆشتنی نەوت و کەشی ئەرێنی لە دانوستانەکانی ڤیەننا بووە.
وتیشی کە ئەگەر دانوستانەکان بە ئەنجام بگات، دۆخی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران باشتر دەبێت.
مورادی وتی کە دیپلۆماسیەتی سیاسی و ئابوریی ئێران لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە.
هەروەها ئالبرت بوغزیان شارەزا لە کاروباری ئابوری ڕایگەیاند کە زیاتربوونی ڕێژەی کاڵا لە وڵات و دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان یەکێک لە نیشانەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتە و پیشاندەری ئەوەیە کە بەشێک لە هەناردەی نەوت لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی کاڵاوە کراوە.
ناوبراو وتی: بە پێی ئەو ڕێژە کاڵایەی کە لە سنورە فەرمییەکانەوە هاتووەتە ئێران، دەتوانین بڵێین کە پارەی هەناردەی نەوت بۆ ئێران گەڕاوەتەوە.
بوغزیان بە ئاماژە بەوەی کە لە ئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆکان، تێچووی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران کەم دەبێتەوە، وتی: فڕۆشتنی نەوت بە شێوازی نەختێنەیی و ئاڵوگۆڕی کاڵا، لە پاش نەمانی گەمارۆکان زیاتر دەبێت./.