بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق وتی کە شەهید قاسم سولێمانی لە بوارەکانی وەک سەربازی، ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری شارەزاییەکی تەواوی هەبوو و بەردەوام خاوەنی پلان و پرۆژە لەم بوارانەدا بوو.
دەقی وتووێژێکی ناوبراو بە بۆنەی دووەم ساڵیادی تیرۆری شەهید سولێمانی و هاوڕێکانیان لە لایەن ئەمریکای تاوانبارەوە، لە درێژەدا هاتووە:
شەهید حاجی قاسم سولێمانی بەدەر لەوەی کە ستراتژیستێکی سیاسی و ئەمنی بوو، لە ڕووی ئابوریشەوە شارەزاییەکی زۆری هەبووە. سەبارەت بە ئەو بەشەی لێهاتوویی شەهید سولێمانی لە عێراق و کاریگەریی لە سەر پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان تاران و بەغدا بۆچوونی ئێوە چییە؟
بەشێک لە کەسایەتییەکان بە تێپەڕبوونی کات و بەرە بەرە، لە بوارە جیاجیاکاندا ناسنامەیان ئاشکراتر دەبێت و حاڵەتی نموونەیی و سەرکردایەتی بە خۆوە دەگرن، لە ڕاستیدا دەتوانم بڵێم کە شەهید سولێمانی یەک لەو کەسانەیە کە لە زۆر بواردا لێهاتوویی پیشاندا. شەهید لە ڕووی ئەخلاقی، بنەماڵەیی، ستراتیژی بیرکردنەوە و دووربینی لە بوارە جیاجیاکانی وەک سەربازی، ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، نێودەوڵەتی، بیر و بڕوای ئائینی وەک نموونەیەک بووە، بە دەگمەن دەتوانین کەسایەتییەکی وەها لە کۆمەڵگا جیاجیاکاندا ناو ببەین.
هۆی ئەوەی کە حاجی قاسم لەم ئاستەدا دەرکەوت و کەسایەتییەکی وەهای هەبوو کە لەو هەموو بوارەدا وەک نموونەیەک بێت، چییە؟
ئەگەر بمانەوێت هۆکار و ڕیشەی ئەمە لێک بدەینەوە دەبێت بڵێین کە حاجی قاسم کەسایەتییەک بوو کە زانست، بڕوا و کردوەی لە یەک ئاراستەدا بوو و ئەمەش لە تایبەتمەندی کەسایەتییە گەورەکانی ئائینییە. بە درێژایی مێژووی ئیسلام دەبینین ئەو کەسایەتییانەی ناویان هەبووە، بڕوایان بەوە بوو کە دەیانزانی و ئەوەشیان کە بڕوا پێی هەبوو بە کردەوە جێبەجێیان دەکرد. ئەگەر بمانەوێت کەسایەتی حاجی قاسم لە بوارە جیاجیاکاندا باس بکەین دەبینین کە زانست، بڕوا و کردەوەی بە شێوازێک بووە کە ئەوەی بڕوای پێی هەبووە جێبەجێی کردووە، بۆ نموونە، حاجی قاسم بە ڕادەیەکی زۆر ڕێزی لە باوک و دایک گرتووە کە ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ بڕوا ئائینییەکان دەگەڕێتەوە، هەروەها لە هەڵسووکەوتی لە گەڵ ئەندامانی خێزانەکەی وەک نموویەکەی تەواو بوو.
بە پێی ئەو لێک نزیکبوونەی لە گەڵ شەهید سولێمانی هەبووە، بڵێن کە شەهید لە ڕووی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق هەڵگری چ تایبەتمەندییەک بوون و چۆن لە گەڵ ئیش و کارە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکاندا گرنگییان بە ئابوریش دەدا؟
سەبارەت بە ڕۆڵی شەهید حاجی قاسم لە دیپلۆماسیەتی ئابوری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بە پێی ئەوەی کە لە نزیکەوە زۆر بابەتم بینیوە، دەتوانم بڵێم کە شەهید سولێمانی کاریگەرییەکی زۆری لە سەر پەیوەندییە سیاسی، ئابوری، سەربازی و ئەمنی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەبوو، بە واتایەکی دیکە، هێندەی کە گرنگییان بە پەیوەندییەکانی ئێران – عێراق و ئێران – سوریا لە بواری سەربازی و ئەمنی دەدا، گرنگییەکی باشتریان بە پەیوەندییە ئابورییەکانیش دەدا، لە گەڵ بەرپرسان کۆدەبووە، ئامۆژگاریی دەکرد و تەنانەت ڕێوشوێنی پێویستی بۆ زیاتربوونی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکان دەخستەڕوو.
بۆ نموونە، کاتێک بیری لە داهاتووی عێراق دەکردەوە، تەنانەت پلانی ئابوریشی بۆ حەشدی شەعبی دەخستەڕوو کە چۆن دەبێت بنەما ئابورییەکانی بۆ دیاری بکرێت و وەک چۆن کە لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە ڕاوێژکارێکی گەورە بوو و هاوکاریی دەرکرد، بە هەمان شێوە لە ڕووی ئابوریشەوە ڕێنما و ڕاوێژکار بوو. سەبارەت بە پرۆژە ئابورییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق هەر کات کێشەیەک ڕووی دەدا حاجی قاسم بە دەستڕۆیشتوویی خۆیان هەوڵی چارەسەرکردنی دەدا و بە تەواوی مەرجەعێکی گەورە بوو.
شەهید سولێمانی سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەکان تەنانەت تێچووە سیاسییەکانیشی قبووڵ دەکرد و ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە ئەو پەیوەندییە باشە نەدەبوو بەڵام تێچووەکەی بۆ بەرەوپێشچوونی ئامانجە ئابورییەکان قبووڵ دەکرد و هیچ نیگەرانی دانوستان نەبوو. حاجی قاسم کۆمەڵەیەک لە بڕوا و کردەوە بوو کە بۆ ئەوەش سەرجەم تێچووەکانی قبووڵ دەکرد. لە سەرجەم بوارە ئابورییەکان، شارەزاییەکی باشی لە پەیوەندیی ئابوری و ئاسایشی نیشتمانی هەبوو، لەبیرم ماوە کە لە یەکێک لە لێژنە هاوبەشە ئابورییەکانی ئێران وعێراق، خۆیی گەیاندە کۆبوونەوەکە و ڕێکاری خستەڕوو و هیچ کات ئەوەی باس نەکرد کە ئەم کارە لە ئاست و پێگەی مندا نییە.
لە ساڵانی ڕابردوو پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و عێراق تا چەندە بەرەوپێشچوونی هەبووە؟
لە ئێستادا 15 وڵاتی ناوچەکە نزیکەی 1200 ملیار دۆلار پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان پێکەوە هەیە و لە کاتێکدا کە ئێمە دەتوانین 300 ملیار دۆلار لەم بازرگانییە بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین بەڵام پشکی زۆر کەممان هەیە، ئێمە دەروازەی ئاڵتوونین بۆ ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکور و باشور.
شەهید سولێمانی بۆ پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە چ ئامۆژگارییەکیان هەبوو؟
سەبارەت بە گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە شەهید سولێمانی بەردەوام ئامۆژگاریی تەواوکردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرەی دەکرد کە درێژاییەکەی 32 کیلۆمەترە، لە بەر ئەوەی کە بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە تەواوی ناوچەکە، ئێران، عێراق، سوریا و ئەردەن پێکەوە دەبەسترێنەوە، هێزی زانستی، تەکنیکی و ئابوریش بۆ ئەمە هەیە، وێڕای ئەوەی کە لە ڕووی ئابورییەوە و ئەو بودجەی کە بۆ تەرخان دەکرێت سوودی دەبێت بەڵام هێشتا پرۆژەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەگەرچی ئەم کابینەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین هەنگاوی لەم بوارەدا هەڵگرتووە. تەواوی نیگەرانیی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی ئەوەیە کە ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان یان هەمان هیلالی شیعی پێکەوە نەبەسترێنەوە و ئەوەی ئەوان لێی دەترسن ڕوو نەدات.
ئایا ئاسۆی 20 ملیار دۆلاری لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق مسۆگەر دەبێت؟
ئێران و عێراق ئەو توانایەیان هەیە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان بۆ 20 ملیار دۆلار لەم قۆناغەدا بەرز بکەنەوە و لە چەند قۆناغێکدا ئەو ڕێژەیە گەیشتووەتە 14 ملیار دۆلار، بەڵام بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان پێویست بە هەندێک ژێرخانی گرنگ دەکات و دەبێت ناوچەی ئازادی بارزگانی و شارۆچکەی پیشەسازی لە سنورە هاوبەشەکانی ئێران و عێراق درووست بکرێت.
بازرگانی لە ئێستادا بە هۆکاری گەشەی وڵاتان دادەنرێت بەڵام لای وڵاتی ئێمە هێندە گرنگییەکی وای نییە، تەنانەت تا چەند ساڵی ڕابردوو باڵیۆزەکانی ئێمە لە وڵاتانی دەرەوە باسی ئیش و کارە ئابورییەکانیان نەدەکرد و دەبینین کە ژمارەی ڕاوێژکارە بازرگانییەکانی ئێمە لە وڵاتانی دەرەوە زۆر کەمە، لە کاتێکدا کە هەندێک وڵاتی وا هەیە 180 ڕاوێژکاری ناردووەتە وڵاتانی جیهان.
بە دڵنیاییەوە کە شەهید سولێمانی گرنگییان بەم بوارە دەدا، بە دیاریکراوی چ هەنگاوێکیان لە ڕووی ئابوری و بازرگانییەوە هەبوو؟
بەڵێ، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە شەهید سولێمانی لەم پێگە ئابورییە تێگەیشتبوو و لە پلانەکانی خۆی بەردەوام باسی پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێرانی لە گەڵ عێراق و سوریا دەکرد، لە لێژنە هاوبەشەکاندا بەشداریی دەکرد، لە گەڵ بەرپرسان کۆدەبووە و ئەگەر لە پرۆژەیەکدا کێشەیەک هەبوو چارەسەری دەکرد و هیچ نیگەرانییەکی نەبوو لە بەر ئەوەی کە بە پرسێکی ستراتیژیی دادەنا. بۆ ئامانجە گەورەکانی بایەخی بە بواری ئابوری دەدا، بە کردەوە کارەکانی جێبەجێ دەکرد. حاجی قاسم لە بوارە جیاجیاکاندا نموونەی کەسایەتییەکی تەواو بوو و هەر بۆیە بۆ هەمووان باشترین نموونەیە، نەک تەنیا بۆ ئێران، بەڵکوو بۆ ناوچەکە و جیهان./.