محەممەد حاجی شەریف لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق وتی کە ئەمریکییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرگری لە هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی فارس لە ناوچەکەدا دەمێننەوە.
ناوبراو وتی کە ئەگەرچی مانەوەی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە بۆ بەرگری لە هەرێم سوودی هەبێت بەڵام زیانیشی زۆرە وەک تاڵانکردنی نەوت و کانزاکانی دیکە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
بۆ هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات؟
هەرێمی کوردستان بۆیە پاڵپشتی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکەش دەکات لە بەر ئەوەی کە ئاشکرایە لای هەمووان دەیانە ساڵە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تا کاتی کەوتنی ڕژێمی سەدام هەردەم بە ئاگر و ئاسن و داپڵۆسین و کوشتنی گەلی کورد، کوردستانیان چەوساندووەتەوە، بەڵام لە پاش ڕووخانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس ئەم کیانەی هەرێم درووست بوو، نەتەوەی باڵادەست کە عەرەبن لە لایەن زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەوە پاڵپشتی دەکرێن بەڵام کورد بەدەر لە شاخەکان دۆستێکی نییە کە بەرگریی لێبکات هەر بۆیە بەناچار پەنا بۆ دۆست و فریادڕەسێک دەبات کە لە کاتی تەنگانەدا پاڵپشتیی بکات.
سوود و زیانەکانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان چییە؟
دەتوانم بڵێم کە سوودی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا ئەوەیە کە لە بەرامبەر هەر هێرشێک بەرگری بکات بەڵام دیارە زیانیشی زۆرە وەک بەتاڵانبردنی نەوت و کانزاکانی دیکە.
پشت بەستن بە ئەمریکییەکان بەم هەموو ئەزموونەوە لە ناوچەکە وەک ئەفغانستان چی بۆ کورد دەبێت؟
پشتن بەستن بە ئەمریکییەکان تەنیا هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە وەڵامی پرسیاری دووەمدا هاتووە. دیارە ئەمریکاش لە بەر خاتری چاوی کاڵی خەڵکی عێراق و هەرێم نییە کە هێزەکانی خۆی جێگیر بکات و ئەو هەموو تێچووەی هەبێت و سەربازەکانی بە کوشت بدات، بەڵکوو بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت و بەرگری لە هاوپەیمانەکانی خۆی دەکات لە ناوچەکە وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی فارس.
ئایا ئەمریکییەکان دەتوانن جێی متمانە بن یان وڵاتێکی بەرژەوەندیخوازن؟
بێگومان ئەمریکییەکان هیچ کات تا سەر جێی متمانەی هیچ وڵاتێک نەبوون و تا سەر دۆستی کەس نین، نموونەی ئەفغانستان و کوردستانی سوریا و ناوچەکانی دیکەش هەیە، تەنیا بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاوە هەیە و بە تەواوبوونی کارەکانی پشت لە هەموو لایەک دەکات.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد