بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم ماوەیەدا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعوودیە، بە لەبیرکردنی سیاسەت و کردەوەکانی وڵاتەکەی لە ڕووخاندنی ناوچەکە، حزبوڵڵای لوبنانی بە تیرۆریست ناو برد و ئەم بزوتنەوەی بە کێشەی لوبنان پێناسە کرد. سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە بەرامبەر ئەم دەستێوەردانەی شای سعوودیە هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو و کاتێک کە سەید حەسەن نەسروڵڵا وەڵامی شا سەلمانی دایەوە، میقاتی دیسانەوە لە دژی حزبوڵڵا هەڵوێستی گرت.
میقاتی ڕایگەیاند کە هەموومان داوای ڕێگری لە ناکۆکی عەرەبی و زیان گەیاندن بە پەیوەندییەکانی لوبنان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە دەکەین، هەر بۆیە ئێمە دەتوانین لە سەر سیاسەتی دەرەوەی لوبنان وتووێژ بکەین تا ئەم وڵاتە لەوەی کە سوودێکی نییە، بپارێزین.
سەرۆک وەزیرانی لوبنان وتی: لێدوانەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە سعوودیە گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەت و بەشێکی زۆری لوبنانییەکان ناکات و لە بەرژەوەندی وڵاتیشدا نییە کە سووکایەتی بە هیچ وڵاتێکی عەرەبی بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بکرێت.
ناوبراو لە درێژەدا بە بێ ئاماژەدان بە دەستێوەردانی بەردەوامی ڕژێمی سعوودیە لە کاروباری ناوخۆیی لوبنان کە خەڵکی ئەم وڵاتەی تووشی دەیان کێشە و گرفت کردووە، وتی کە سەرکردایەتی حزبوڵڵا هەڵوێستێکی هەیە کە لە پلەی یەکەمدا بە لوبنانییەکان و لە پلەی دواتریش بە پەیوەندییەکانی لوبنان و برادەرەکانی زیان دەگەێنێت.
میقاتی بە بێ گرنگیدان بەوەی کە لێدوانەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هەڵوێستی دوژمنکارانەی ڕژێمی ڕیاز بووە، وتی: ئێمە دیسانەوە بانگهێشتی هەمووان دەکەین کە لوبنان لە بەرچاو بگرن و لە کێشمەکێشی بێهۆ بە دووری بگرن، وەرن هەمووان پێکەوە هاوکاری بکەین تا لوبنانییەکان لەم قەیرانانەی ئێستا ڕزگار بن، بنەماکانی حکومەت دیسانەوە بەهێز بونیاد بنێینەوە و هەنگاوی کرداریی پێویست بۆ دەربازبوون لە کێشەکان هەڵبگرین.
ئەڵبەت ئەمەش یەکەم خزمەتی میقاتی بە سعوودیە نەبووە، ناوبراو پێشتریش و لە گەرمەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی بەیروت – ڕیاز و لە کاتێکدا کە ماوەیەکی کەم بە سەر وەرگرتنی پۆستەکەیدا تێپەڕ بوو، ڕایگەیاند کە سعوودیە ڕووگەی سیاسی و ئائینی ئەوە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکی بە بۆنەی دووەم ساڵیادی تیرۆری شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومهدی موهەندیس و هەشت کەس لە هاوڕێکانی ئەوان، لە وەڵامی لێدوانەکانی شا سەلمان، سەرچاوەی بیر و هزری توندڕۆیی داعشی بۆ حکومەتی سعوودیە گەڕاندەوە و وتی کە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا داوای لە ڕیاز کردووە کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو لە پێناو پەرەپێدانی بیر و هزری وەهابییەت لە جیهانی ئیسلام و وڵاتانی دیکە هەوڵ بدات و ڕیازی ئەمەی قبووڵ و جێبەجێ کردووە. هەڵوێستی فەرمی سعوودیەش پاڵپشتی لە داگیرکردنی عێراق لە لایەن داعشەوە بووە، سعوودیە کەسە خۆکوژەکان و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانی ناردووەتە عێراق.
نەسروڵڵا ڕایگەیاند کە سعوودیە گەنجەکانی خۆیی بۆ کوشتنی گەنجان و منداڵانی عێراقی لە ڕێگای کردەوە خۆکوژییەکانەوە ڕەوانەی عێراق کرد، بەڵام ئێران گەنجانی خۆیی نارد تا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەرگری لە خەڵکی ئەم وڵاتە بکەن. ئێران گەنجانی خۆیی بۆ بەرگری لە عێراق ڕەوانەی ئەم وڵاتە کرد، هەر بۆیە چۆن دەبێت لە نێوان شەهید و بکوژ، جیاوازی دانەنرێت؟ هەندێک وا پیشان دەدەن کە ئێران دوژمنە و سعوودیە دۆست؟
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بەم پرسیارە کە کێ لە پشتەوەی هاتنی گرووپە چەکدارەکان بۆ لوبنان بووە؟ درێژەی بە لێدوانەکانی دا و وتی: لە سەروی هەمووانەوە سعوودیە بوو، سعوودیە لەو وڵاتانەیە کە لەم پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەدا بەشدارە کە ناوچەکەی ئێمەی بە ئامانج گرتووە و ئەمەش ئێمە نین کە پەیوەندییەکانی لوبنان و ڕیازمان تێکدابێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی شا سەلمان کە داوای لە لوبنانییەکان کردبوو بە خەڵک و بەرپرسانەوە لە بەرامبەر حزبوڵڵا بوەستن، وتی: جەنابی شا، تیرۆریست تۆی نەک حزبوڵڵا، ئەو تیرۆریستەی کە ئایدۆلۆژیای تەکفیری – داعشیی ناردە لوبنان، تۆ بووی. ئەو تیرۆریستەی کە خۆکوژەکانی ناردە عێراق، تۆ بووی، تیرۆریستێک کە حەوت ساڵە خەڵکی یەمەن دەکوژێت، تۆی. تیرۆریستێک کە لە سەرجەم شەڕەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هاوکاریی دەکات تا تاوانە دژە مرۆییەکانی بکات، تۆی. حزبوڵڵا تیرۆریست نییە، حزبوڵڵا بەرگریکار و پارێزەری لوبنانە کە پارێزەری لە گەل و خەڵک و نیشتمان و پیرۆزییەکانی دەکات، حزبوڵڵا ئەوەیە کە لە گەڵ حاجی قاسم سولێمانی خەباتی کردووە.
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە نەجیب میقاتی لە جێی ئەوەی کە تێڕوانینێکی نیشتمانیی هەبێت و بەرگری لە حزبوڵڵا بکات کە ڕزگارکەرەوەی لوبنان و خەڵکی ئەم وڵاتەیە لە ژێر دەستی تاوانبارانی زایۆنیست و لوبنانییەکان هەمووان دان بەم ڕاستییەدا دەنێن، بەرگری و پاڵپشتی لە ڕژێمی سعوودیە دەکات کە لە گەڵ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە سەرچاوە و هۆکاری درێژەپێدانی سەرجەم کێشە و قەیرانەکانی لوبنان.
میقاتی باشترە بە وەبیرهێنانەوە و خوێندنەوەی مێژووی دوو دەیەی ڕابردووی لوبنان بە تایبەت شەڕەکانی ساڵی 2000 و 2006 کە حزبوڵڵا لەو دوو شەڕەدا شکست و سەرشۆڕییەکی گەورەی بە سەر زایۆنیستەکاندا سەپاند و وانەی لەبیرنەکراوی بەوان دا و بووە هۆی ئازادکردنی لوبنان، وەک زۆربەی مەسیحییەکان، سوننە و شێعەکانی ئەم وڵاتە قەدرزانی کار و چالاکییەکانی حزبوڵڵا بێت.
لە ساڵانی ڕابردوو ئێمە بەردەوام پاڵپشتی و هەڵوێستی زۆربەی کەسایەتییەکانی مەسیحی لوبنان وەک میشل عون سەرۆک کۆمارئ ئێستا، جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی پێشوو، زولیا پترۆس هونەرمەندە بەناوبانگەکەی لوبنان و دەیان کەسایەتی دیکەی ئەم وڵاتەمان لە پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا و پەسەندکردنی کار و هەنگاوەکانی ئەم بزوتنەوەیە بینیوە بەڵام بەداخەوە بەشێک لە بەرپرسانی موسڵمانی لوبنان کە ناوی موسڵمان لە خۆیان دەنێن، بەردەوام و بۆ ڕەزامەندیی سعوودیە، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ڕەخنە لە حزبوڵڵا دەگرن./.