بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران، فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە، کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادەبوون تا ڕێز لەو پیاوە قارەمانەی بگرن کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا لە گەڵ هێزەکانی گەیشتە هەولێر تا لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش بەرگری و هاوکاری بکات.
لەو ڕۆژە هەستیارانەدا کە تەنانەت ئەمریکییەکان وەڵامی داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان نەدایەوە، شارەکانی هەرێم مەترسی هەڕەشە و هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشیان لە سەر بوو، ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە سوپای عێراق لە هەمان ڕۆژانی سەرەتایی هێرشەکانی داعش بە تەواوی هەڵوەشایەوە و چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەڵامدەرەوەی گوشار و هێرشە دڕندانەکانی داعش نەبوو.
دوو ساڵ لە پاش تیرۆری شەهید سولێمانی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، کوردان لە سلێمانی کۆبوونەوە و یاد و بیرەوەرییەکانیان بەرز ڕاگرت و ناوەکەیان بە زیندوویی هێشتەوە، بەشێک لەوانەی بەشداری ڕێوڕەسمەکەیان کرد حاجی قاسمیان لە نزیکەوە دەناس و شان بە شانی یەکتر بەشداری شەڕەکانی دژ بە داعشیان کردبوو.
محەممەد حاجی مەحمود سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، سەید ئەحمەد بەرزنجی ڕاوێژکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و عەندنانی حەمەی مینا لەو ڕێوڕەسمەدا وتاری خۆیان پێشکەش کرد و یادی فەرماندە لێهاتووەکەی ئێران و جیهانی ئیسلامیان بەرز ڕاگرت.
بافڵ تاڵەبانی کوڕی مام جەلال کە ئێستا وەک سەرۆکی یەکێتی چالاکی دەکات، لەو کەسانە بوو کە بەشداری ڕێوڕەسمەکەی تەلاری هونەری سلێمانیی کرد.
عەدنانی حەمەی مینا کە وتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستانی خوێندەوە، حاجی قاسم سولێمانیی بە دۆست و پشتیوانی گەلی عێراق، کوردان و هەروەها دۆستی نزیکی مام جەلال ناو برد و وتی کە تەنیا ئێرانییەکان بە تیرۆری شەهید سولێمانی تازیەبار نەبوون، بەڵکوو عێراقییەکان و کوردەکانیش لەو خەمەدا هاوبەش بوون.
پارێزگاری سلێمانیش لە وتارەکەیدا پێشنیاری کرد کە ڕۆژی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولێمانی وەک ” ڕۆژی جیهانیی ئاشتی ” ناو بنرێت.
مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و ئەندامانی کۆنسووڵخانە و کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی ئائینی، زانستی، ڕۆشنبیری و ئابوری لە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارییان کرد.
ڕێوڕەسمەکەش لە لایەن میدیا و کەناڵەکانی هەواڵی هەرێمی کوردستانەوە ڕووماڵ کرا./.