بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە وازهێنانی ئەمریکییەکان لە پیشە و کارەکانیان گەیشتووەتە ئامارێکی کەم وێنە و هۆکارەکەشی زیاتر بۆ کەمبوونی مووچەکانیان دەگەڕێتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە فەرمانگەی کاری ئەمریکا ڕایگەیاندووە لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس تووشی ئەم کێشە بوون کە بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم 300 هەزار کەس زیاتر بووە. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 لە ئەمریکا 4 ملیۆن و 200 هەزار کەس بە هۆی ئەو کێشانەی کە باس کرا، وازیان لە کارەکەی خۆیان هێناوە.
نیۆیۆرک تایمز ئەم دیاردەی لە ئەمریکا وەک دەستلەکارکێشانەوە گەورەکە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە هیوایان بەوە هەیە بە باشتربوونی دۆخی ئابوری بۆ ئیش و کارێکی نوێ بگەڕێنەوە.
ڕۆژنامەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ڕاپرسییەکدا کە بە بەشداری 5 هەزار و 365 ئەمریکی کراوە، تەنیا لە سەدا 21 ی ئەوان لەم دۆخە ئابورییەی ئەمریکا ڕەزامەندییان لە سەر دۆخی ژیان و مووچەکەی خۆیان هەبووە./.