بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فاتۆش گونای، هاوسەری یەڵماز گۆنای، دوای سەردانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەو شارەوە ڕایگەیاند “پێشنیازمان کرد بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم کە کتێبەکان و فلیمەکانی یەڵماز گۆنایی وەرگێڕانیان بۆ بکرێت و بە شێکیان لەسەرەتاوە کاریان لەسەر بکرێتەوە”.
ئاشکرای کرد، وەزارەتی ڕۆشنبیری بەڵێنیان پێداون ئەوکارە بکەن، دەشڵێت: ئێش و ئازاری هەڵەبجە جارێکی دیکە نوێ بوویەوە، بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان هەڵەبجە نموونەیەکی گرنگە، لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە من لە فەڕەنسا بووم، لەگەڵ هاوکاریەکانی دانیاڵ میتران هاتمە هەڵەبجە و فلیمێکی دۆکیومێنتاریم ئامادە کرد لە هەموو میدیاکانی ئەوروپا بڵاومان کردەوە، لە ساڵی ١٩٩١ ئەو ڕووداوانەی لێرە بینێم لە تورکیاش بڵاومکردەوە.
یەڵماز حەمید ئۆعلۆ ناسراوە بە یەڵماز گۆنای لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی ئینجەی سەر بە شاری ئەدەنە لەدایک بووە و خاوەنی ١٧ خەلاتی نێودەوڵەتیە لە بواری سینەمادا.
گۆنای براوەی خەڵاتی چڵە خورمایی ئاڵتونی فێستیڤاڵی سینەمای کان لە ساڵی ١٩٨٢ بووە و بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە چەندین جار دەستگیر کراوە . لە ساڵی ١٩٨١ لە زیندان هەڵهاتووە ڕووی کردوەتە فەڕەنسا و لە ٩ی ئەیلولی ١٩٨٤ لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا کۆچی دوای کرد.