بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هیشام ئەبو هوواش پاش 141 ڕۆژ مانگرتن لە خواردن سەرکەوتنی بە سەر ڕژێمی زایۆنیستیدا بە دەست هێنا و ئەو ڕژێمەی ناچار بە ئازادکردنی لە بەرواری 26 ی شوباتی 2022 کرد.
ئەنجومەنی دیلەکانی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە ماجید فەرەج سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و پارێزەرەکەی ئەبو هوواشی ئاگادار کردووەتەوە.
سەرکەوتنەکەی ئەبو هوواش لە درێژەی ئەو سەرکەوتنانەی خەباتگێڕانی دیکەی فەڵەستینە لە بەرامبەر شەپۆلی دەستبەسەرکردنیان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە.
بزوتنەوەی حەماس لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم سەرکەوتنە ڕایگەیاندووە کە سەرکەوتنێکی دیکە بۆ خۆڕاگری فەڵەستینییەکان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی بە دەست هاتووە.
هیشام ئەبو هوواش تەمەنی 40 ساڵە، دانیشتووی دۆرای سەر بە ئەلخەلیلە لە کەرتی خۆرئاوا، 17 ی ئابی 2021 دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد. ناوبراو خێزاندار و خاوەنی 5 منداڵە و پێشتریش 8 ساڵ لە زیندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا بووە کە 52 مانگی وەک دەستبەسەرکردنی ئیداری بووە.
دەستبەسەرکردنی ئیداری شێوازێکی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە دژی فەڵەستینییەکان و ئەو کەسەش بەم شێوازە دەستبەسەر دەکرێت دۆسیەکەی بە بێ هیچ وادەیەکی دیاریکراو و بە بێ دادگاییکردن دەمێنێتەوە./.