پەیامنێری جام کوردی دەربارەی مانەوەی پەیوەندییەکۆمەڵایەتیەکانی نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ئەو کوندنشینانەی کەهاوسنورن لەگەڵ ئێراندا و گرنگی ئەو پەیوەندیانە و ئاستی پەیوەندییەکان لەئێستادا گفتوگۆیەکی لەگەڵ ” دارا حەمەسدیق خانی کوڕی سڵێمان خان ” کەدانیشتوی گوندی “میشیاو”ە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای پێنجوێن ئەنجامداوە و لەخوارەوە درێژی ئەو گفتوگۆیە دانراوە.
٭پەیوەندییەکانی ئێوە وەک دانیشتوانی ئەوگوندانەی کە هاوسنورن لەگەڵ وڵاتی ئێراندا و بەتایبەت دانیشتوانی گوندی “میشیاو” لەگەڵ دانیشتوانی ئێران و ئەو شارانەی کەنزیکن لەئێوەوە لەچی ئاستێکدایە؟
ئەو هاسنورییەی کە ناوچەکەمان لەگەڵ وڵاتی ئێراندا هەیەتی وایکردووە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دانیشتوانی ئێران و بەتایبەت لەگەڵ ئەو شارو گوندانەی کە نزیکن لێمانەوە لەئاستێکی زۆرباشدابێت و بەجۆرێک ئەم نزیکایەتییە دەرفەتی ئەوەی ڕەخساندووە کە پەیوەندی ژن و ژنخوازی لەنێوانماندا دروست ببێت ئەگەرچی لەیەک عەشیرەت و هۆزیش نەبین،بەڵام سودمان لەم نزیکایەتی و هاوسنورییە بینیوە و بووەبەهۆکارێک بۆئەوەی ئاشنایەتی و خزمایەتی لەگەڵ دانیشتوانی “سەقز ، بانە، دیواندەرە، مەریوان،” پەیدابکەین و تەنانەت سنوری ئەم پەیوەندی و خزمایەتییەمان گەیشتۆتە “کرماشانیش” هەندێکجاریش هەر لەڕێگەی ئەم دۆست و خزمانەی کە لەوناوچانەدا هەمانبووە وامانکردووە ئێستا لە، ” تاران و کەرەج و چەندین شوێنی دیکەش دۆستمان هەبێت.
٭ بۆزیاتر گرنگیدان بەم دۆستایەتی و تێکەڵ بونە تاچەند سودتان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وەرگرتووە، یاخود تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تاچەند ئاسانکاری بۆ کردون بۆئەوەی زیاتر ئاگاداری یەکدی ببن؟
بەدڵنیاییەوە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی باشتریان ڕەخساندووە بۆ پتەوبونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی نێوانمان،بەڵام ئێمە پەیوەندییەکانمان تەنها لەچوارچێوەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا نەهێشتۆتەوە و تائێستاش سەردان و هاتوچۆکانمان بەردەوامییان هەیەو ساڵانە چەندین جار سەردانی یەکدی دەکەین،بەڵام لەڕاستیدا دۆستەکانمان لەئێران زیاتر گرنگی بەم پەیوەندیانەدەدەن و ئەوان لەئێمە زیاتر پەرۆشی ئەم دۆستایەتیەن،چونکە کۆمەڵێک دابونەریت هەیە ئێستا لای ئێمە کاڵبوەتەوە،بەڵام دانیشتوانی ئێران زۆر گرنگی بەو دابونەریتانە دەدەن
مێژووی ئەم دۆستایەتی و ئاشنابونەتان بۆ کەی دەگەڕێتەوە، نوێن، یاخود مێژوویەکی دورودرێژتان هەیە؟
ئەم پەیوەندیانە تازەنییە لەوەتەی ئێمە هاوسنورین ئەم پەیوەندیانە هەر هەبون و بونیان هەبووە، ئێمە دەیان ساڵە لەم سنورانەداین و ئەم پەیوەندیانە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، باوکم “حەمە سدیق خان” باپیرم ” سڵێمان خان” لەو پیاوە ناودار و خاوەن دیوەخانانە بوون کە کەزۆر گرنیان بەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە داوە لەگەڵ دانیشتوانی ئێراندا و ئێستاش دەتوانم بڵێم پەیوەندیەکان باشترو پتەوتربون
٭ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە تاچەند کاریگەری کردۆتە سەر تێکەڵبونی دابونەریتان و ئاشنابوونتان بەمێژووی یەکدی؟
هەرودولامان کاریگەریمان لەسەریەکدی هەبووە بەتایبەت دانیشتوان و دۆستانی وڵاتی ئێران زۆر کاریگەرییان لەسەر ئێمە داناوە و ئێمە زۆرجار هەوڵی ئەوەمانداوە لەکەلتوری ئەوان زور شت فێرببین،چونکە ئەوان خاوەن کەلتور و دابونەریتێی تایبەت بەخۆیانن،بۆنمونە لەناو دانیشتوانی ئەو شار و گوندانەی کە نزیکن لەئێمەوە خاوەن پەروەردەیەکی جوان و باڵان و لەڕاستیدا میوان دۆستن ئەم میوان دۆستییە زۆر سەرنجی ئێمەی ڕاکێشاوە و ئێمە وەک دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە لەسەر سنوری هەرێمی کوردستانین ئەو پەروەردەیە لەناوماندا ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها لەڕووی خواردنیشەوە بەهەمانشێوە کاریگەریان لەسەرئێمە داناوە ئێمەش کاریگەریمان لەسەر ئەوان هەبووە
٭ ئەو گرفتانە چین کەدێنە بەردەمتان بەتایبەت لەئێستادا کە سنورەکان دریاری کراون و ئێران و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بەپاراستن و چاودێری کردنی سنورەکانیان دەدەن؟
بەڵێ ئێستا بەراورد بەساڵانی ڕابردوو بەهۆی تندوتۆڵکردنی سنورەکانەوە گرفتەکانی بەردەممان زیادیان کردووە، ساڵانی ڕابردوو ئێمە وەکو دانیشتوانی ئەم گوندانەی کەهاوسنورین لەگەڵ وڵاتی ئێراندا دەچوینە شاری “سەقز”و دەتوانم بڵێم ٩٠٪ ی خەڵکی ئێمە پێداویستیەکانمان لە سەقز و شارەکانی دیکەوە دەکڕی، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی تندوتۆڵکردنی سنورەکان و هەروەها گرانی ڕایکردنی مامەڵەیاسایەکانەوە ناتوانین سەردانی شارەکانی ڕۆژهەڵات بکەین.
٭ پتەوبونی پەیوەندییەکۆمەڵایەتیەکانی نێوانتان تاچەند کاریگەری هەبووە لەسەر دروستبونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانتاندا؟
لەڕابردودا پتەوی پەیوەندییەکۆمەڵایەتیەکانمان دەرفەتی باشی ڕەخاساندبوو بۆئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانماندا ڕوبدات، بەجۆرێک لەم ناوچانەدا چەندین خاڵی سنوری نافەرمی لەنێوان ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بونیان هەبوو بۆ نمونە لەسنوری ئێمە خاڵی سنوری “میشیاو” هەبوو کە لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خاڵی سنوری “سێڤ” بەناوبانگ بوو کە لەم ڕێگەیەوە هەردولا دەمانتوانی سودێکی ئابوری گەورە بگەیەنین بەیەکدی،بەڵام بەداخەوە لەئێستادا ئەو خاڵە سنوریانە داخراون و ئەمەش وایکردووە زۆرێک لەوگوندانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ ببن، هەربۆیە لەڕابردودا چەندین جار داوامان لەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە بۆئەوەی جارێکی دیکە ئەو خاڵەسنوریانە بکرێنەوە، بەرپرسانی ئێران بەڵێنیان پێداوین،بەڵام تائێستا نەکراونەتەوە.
٭ ئەم دۆستایەتی و پەیوەندییە پتەوەی نێوانتان تاچەند ڕێگە خۆشکەر بووە بۆئەوەی کە هەردولا هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گیروگرفتانەی کە لەوناوچانەدا ڕویانداوە؟
بەزۆری لە وڵاتی ئێراندا هاوڵاتیان پەنادەبەنە بەر دادگاکان بۆئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەربکرێت، بەڵام زۆر جاریش هەبووە کێشەوگیروگرفت ڕویداوە و ئەوان هاتوون وپەنایان بۆئێمە هێناوە و ئێمەش بە هۆی ئەو دۆستایەتی و ناسراوییەی کە هەمان بووە و ئەو ڕۆڵەی کە لەناوچەکەدا گێڕاومانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمان داوە و توانیومانە بەئاسانی کێشەکان چارەسەربکەین بەتایبەت کەسایەتی دیاری ناوچەکە.
“سڵێمان خان و حەمەخانی مەحمودخانی کانی سانان و مەحمود خانی دزڵی و حەمە ڕەشید خانی داروخان” ئەمانە ڕۆڵی باشیان گێڕاوە لەچارەسەر کردنی کێشەکاندا.
٭ ئەم دۆستایەتی و ئاشنایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە کە لەنێوان گوندنشینانی سنوری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووە تاچەند بووە بەمایە دروست بونی متمانە لەلای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی سنورەکانی هەردوولا؟
هەردوولا متمانەی تەواویان بەدانیشتوانی ئەم سنورانە هەیە و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران بەگرنگییەوە لەم دۆستایەتیەدەڕوانێت و هەر ئەمەشە وایکردووە زۆرجار کەدەمانەوێت لەم سنورانەوە سەردانی وڵاتی ئێران بکەین ئاسانکاری زیاترمان بۆدەکرێت و بەتایبەت لەوکاتانەدا کە پرسەیەک یاخود کارێکی گرنگمان لەئێراندا بۆدێتە پێش و لەکاتی گەڕانەوەشماندا بەهەمان شێوە ئاسانکاریمان بۆدەکرێت بەتایبەت لەسنوری “جوانڕۆ و کرماشان”./.