بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی هەواڵی میدل ئیست ئای لە ڕاپۆرتێکدا فەرماندەی شەهید قاسم سولێمانیی وەک قارەمانێک لە بەرامبەر هەژمونی ئەمریکا لە ناوچەکە و سەرەکیترین هۆکاری بەهێزبوونی بەرەی خۆڕاگری لە عێراق، سوریا، لوبنان، ئەفغانستان، یەمەن و غەززە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە بە کوژرانی ئەو ملیۆنان کەس لە تاران ڕژانە سەر شەقامەکان.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا پاش تیرۆری قاسم سولێمانی پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد کە ناوبراو پلانی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکای داڕشتبوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لە سەر ئەم پاساوەی نەخستەڕوو.
میدل ئیست ئای ڕایگەیاندووە کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بە هاندانی دوناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی و نەمانی سولێمانی پێی وابوو کە دەسکەوتێک بە دەست دێنێت بەڵام ئەوەی کە ئێستا ڕوون بووەتەوە ئەوەیە کە هیچ یەک لەو دوو کردەوەیە لە پێناو بەرژەوەندییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا نەبووە.
لە ڕاپۆرتەکەی میدیا بەریتانییەکەدا هاتووە کە چەندین ڕووداوی گرنگی دیکە لە ناوچەکەدا هەبووە: ئەمریکا بە سووکایەتییەکی زۆرەوە لە ئەمریکا کشایەوە و لە ئاسیای ناوەڕاست پێگەی خۆیی دۆڕاندووە و ئەمەش کاردانەوەی جیدیی لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت، پەرلەمانی عێراق دەنگی لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا داوە، حکومەتی سوریا بەشێکی زۆری خاکی خۆیی کۆنتڕۆڵ و پێگەی سەربازیی خۆیی بەهێز کردووە و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی کە سەردەمێک دوژمنی سوریا بوون بۆ دیمەشق دەگەڕێنەوە، وێڕای ئەوەی کە حیزبوڵڵا بەردەوام پێگەی لە لوبنان بەرەو بەهێزبوون دەڕوات.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وابوو کە بە کوشتنی سولێمانی ئێران لاوازتر دەبێت تووشی هەڵەیەکی ستراتیژی دەبن و ئەمەش بە بۆردومانکردنی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد سەلمێندرا، ئەو بۆردومانە گەورەتر و ڕۆخێنەرتر لەوە بوو کە سەرەتا باس دەکرا./.