شێخ بەشیر عادل تاها، بەڕێوەبەری دامەزراوەی شوێنکەوتووانی ویلایەت لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە جام کوردی ڕایگەیاند کە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و چالاکی داعش ڕەنگە بۆ سەدەکانی پێشوو و تەناتە پێش ئیسلامیش بگرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەو بیرە توندڕۆیە بەردەوام هەبووە و بە درێژایی مێژووش دژایەتیکردنی حەق و ڕاستییەکان بینراوە، ئەوانەی کە دادپەروەری و ڕاستییەکانیان بۆ قبووڵ ناکرێت دەچنە بەرەی نەیاران و دژایەتییەکانی خۆیان دەست پێدەکەن. بەڵام لەم مێژووی هاوچەرخەدا لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە)، دوژمنان کاتێک هێزی شێعە و مەرجەعیەتیان بۆ ڕوون بوویەوە، بیریان لە دژایەتی و خوڵقاندنی ئاستەنگ و کێشە لە بەردەم ئەم بزوتنەوە گەورەیەدا کردەوە.
ناوبراو وتی: بەم بۆنەوە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا پیلانگێڕییەکانیان لە دژی بزوتنەوە بەهێزەکەی شێعە لە ناوچەکە دەستپێکرد، سیاسەتمەدارانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا بەردەوام دانیان بەوەدا ناوە کە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و داعش بەرهەم و دەستکردی وڵاتانی ئەوان بووە، لە بەر ئەوەی کە بتوانن ڕێگری لە ئایدۆلۆژیای شێعە و شۆڕشی ئیسلامی ئێران بکەن، لە بەر ئەوەی کە ئەم بیر و ئایدۆلۆژیایە هەناردەی وڵاتان و ناوچەکانی دیکە نەکرێت بە هەموو شێوازێک ڕوبەڕوی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەوە، لە پاش شکستی سەرجەم پیلانگێڕییەکان بە شەڕی سەپێندراوی سەدامەوە تا گەمارۆ و سزا ئابورییەکان، ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بیری لە پێکهێنانی داعش لە ناوچەکە بەو بیرە توندڕۆیە کردەوە. ئەوان دوو ئامانجی سەرەکییان هەبووە: یەکەم ئەوەی کە ڕواڵەتێکی پێچەوانە لە ئائینی پیرۆزی ئیسلام بە خەڵکی جیهان پیشان بدەن و دووەم ئەوەی کە بە شێوازی سەربازی و ئایدۆلۆژیایی شەڕی دژ بە شێعە و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.
ئەم کەسایەتییە ئائینییەی هەرێمی کوردستان وتی کە لە شەڕی سەدام لە دژی ئێران، وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بە هەموو شێوازێک پاڵپشتییان لە دیکتاتۆرەکەی عێراق کرد تا ڕێگری لە پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بکەن. لەو کاتەدا و لە دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەو هەموو کێشە و گرفتە ناوخۆییەوە، ڕەوتی ستەمکاری جیهانی ئەو شەڕەی بە سەر ئێران و ناوچەکەدا سەپاند تا تەنیا بەرژەوەندییەکانی خۆی دابین بکات. لە قۆناغەکانی دواتریش پەرەیان بە بیری توندڕۆیی مەزهەبی لە ناوچەکەدا و هەوڵی ئەوەیان دەدا کە لە ڕێگای داعشەوە شکست بە سوریا و عێراق بێنن بەڵام هاوکاری و پلانەکانی ئێران بە تەواوی شکستی بەو پیلانگێڕییە هێنا، بە تایبەت بە هەوڵ و تێکۆشانی فەرماندەکانی خۆڕاگری وەک شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە شکستی داعش هەبوو. ئەوان تەنانەت هاوکاری هەرێمی کوردستانیشیان کرد، کاتێک کە سەرکردەکانی کورد لە وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بێهیوا بوون، ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعشی لە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان نەهێشتەوە.
شێخ بەشیر عادل تاها سەبارەت بە ڕۆڵی شەهید سولێمانی لە هاوکاریکردنی گەلانی سوریا و عێراق و شکستی پیلانگێری داعش، وتی: هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت حاشا لە ڕۆڵ و کاریگەری شەهید سولێمانی بکات، ئەوان کەسایەتییەک نەبوون کە تەنیا لە جوگرافی ئێراندا چالاکی بکەن، بە پێچەوانەوە لە ناوچەکە هاوکار و فریادڕەسی گەلانی زوڵملێکراو بوون، کەسایەتییەکی جیهانی بەرەی خۆڕاگری کە دوژمنانی ئیسلام حسێبێکی تایبەتیان بۆ بەڕێزیان دەکرد و پێیان وابوو کە شەهید سولێمانی لە هەر بەرەیەکی شەڕدا بن، شکست بەوان دێنێت و سەرکەوتن بۆ بەرەی خۆڕاگری دەبێت، قاسم سولێمانی ترسێکی گەورەیان خستبووە ناو دڵی دوژمنانی ئیسلام بە تایبەت ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەوان کەسێک بوون کە ناوی بەرزی خۆیان و ئێرانیان بە ئازایەتی و تێکۆشان و دواتر بە شەهیدبوونیان بە خەڵکی جیهان ناساند و ئێرانییەکان و گەلانی سوریا و عێراق مافی خۆیانە شانازی بەو کەسایەتییە و هاوڕێکانیان بکەن.
ناوبراو وتی: شەهید سولێمانی سەربازێکی وەفادار بە ئیسلام و قورئان بوون، کەسێک بوون کە پێشبینی زۆر درووستیان بۆ ناوچەکە هەبوو، شەو و ڕۆژ لە بەرە جیاجیاکانی ناوچەکەدا ئامادە بوون و بەرگرییان لە گەلانی زوڵملێکراو دەکرد، کەسایەتییەک بوون کە ئیسلامیان بە ڕاستی ناسیبوو، ئەوان شوێنکەوتووی ڕاستەقینەی ئیسلام و مەرجەعیەت و وەلی فەقی بوون. کەسایەتی شەهید سولێمانی، جیهانی بووە و دەتوانین بڵێین کە بە تەنیایی وەزارەتی بەرگری جیهانی ئیسلام بوون و بەرگرییان لە مرۆڤایەتی دەرکرد، دەتوانین بڵێین کە ئامادەبوونی شەهید سولێمانی تەنیا بەرگرییان لە شێعەکان نەکردووە، ئەوان لە ناوچەکانی کورد و سوننەش بە هەمان شێوە هاوکارییان دەکرد، شەهید سولێمانی کاتێک ئەوەیان دەبینی کە داعش ئەو هەموو تاوانەی لە دژی گەلانی عێراق و سوریا هەیە و مەترسییەکی جیدییە لە سەر جیهان بە گشتی، بە هەموو هێزێکەوە ڕوبەڕوی تیرۆریستان بوویەوە و لە ئاکامدا شکستیان بەو پیلانگێڕییەش هێنا.
بەڕێوەبەری دامەزراوەی شوێنکەوتووانی ویلایەت، وتی: شەهید سولێمانی بەردەوام باسی ئەوەیان دەکرد کە کاتێک دەبینین داعش ئەو هەموو تاوانە لە دژی موسڵمانانی شێعە و سوننە یان ئێزدییەکان، مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی دیکە دەکات ناتوانین بێدەنگ بین، هەموومان مرۆڤین و دەبێت لە بەرامبەر ئەم هەڕەشەیدا پێکەوە هاوکاریمان هەبێت، هەر بۆیە ئەوەی شەهید سولێمانی کردیان، بەرگری لە مرۆڤایەتی بە گشتی بووە.
ناوبراو وتی: زۆر کەسایەتی ناوچەکە و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژئاوا دانیان بەوەدا ناوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران و شەهید سولێمانی نەبوایە، داعش بە ئاسانی لە ئەورووپا دەبوو، یان ئەو گرووپە تیرۆریستییە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەی داگیر دەکرد، هەرچەندە کە قاعیدە و داعش دەستکردی ئەوان بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و شێعەکان بووە، بەڵام ئێران وڵاتێک نییە کە بەو پیلانگێڕییە بڕووخێت، شەهید سولێمانی پێش هاتنی داعش بەردەوام مەترسییەکانی ئەو بیرە توندڕۆیەیان وەبیردەهێنایەوە و لە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت عێراق بە هەزاران تێکۆشەریان وەک شەهید ئەبومەهدی موهەندیس لە دەوری خۆیان کۆکردەوە، بەرەیەکی بەهێزی خۆڕاگرییان لە ناوچەکە پێکهێنا تا لە داهاتووی ناوچەکەدا بەرگری و خۆڕاگری لە خۆیان بکەن. ئەگەر ئێران و نموونەکانی شەهید سولێمانی نەدەبوون، ناوچەکە زۆربەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا دەبوو و ئەو بیرە توندڕۆیە باڵی بە سەر ناوچەکەدا دەکێشا بەڵام بە بوونی ئێران و ڕێبەرایەتی ئەم وڵاتە و تێکۆشەرانی وەک شەهید سولێمانی کۆتایی بە داعش هێنرا و ئەگەر جموجوڵی زۆر کەم و بچووکیان ماوە، ئەوەش کۆتایی پێ دەهێندرێت و دەبێت دوژمنانی ئیسلامیش بزانن کە پیلانگێڕییەکانیان لە دژی ئیسلام لە ئاکامدا بەرۆکی خۆیان دەگرێتەوە./.