بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە وتارێکی بە بۆنەی دووەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان، جەختیکردەوە کە ئەنجامدانی ئەم تاوانە و دانپێدادانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی کە دۆسیەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوە نەبێت و ئەنجامدەرانی بە تەواوی ئاشکرا بن، ئەم ڕووداوە گەورەش لە ئێران و عێراق کاردانەوە سیاسی و سەربازی و جەماوەرییەکانی بەدواوە بووە کە بەردەوامیش دەبێت.
ناوبراو وتی: ئێمە لە کاتێکدا یادی شەهیدانی خۆڕاگری دەکەینەوە کە لەم دوو ساڵەدا شەهید سولێمانی بە زیندوویی لە یاد و بیرەوەرییەکانی ئێمەدا ماوەتەوە و هیچ کات شەهیدان و بیرکردنەوە و تێکۆشان و سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی ئەوانمان لەبیر نەکردووە.
ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا وتی: برایان و خوشکانی ئەم شەهیدانە درێژەیان بە ڕێگاکەی ئەوان داوە و بە هەموو هێزێکەوە ڕوبەڕوی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەبنەوە، لە دوو ساڵی ڕابردووش شەڕ و پێکدادان و گیانفیدایی زۆر لەم ناوچەیە هەبووە کە دەتوانین ئاماژە بە شەڕی شمشێری قودس و خۆڕاگریی یەمەن بدەین بەڵام ئەمریکا ئەنجامدەر و بەرپرسی سەرجەم تاوانەکانە لە جیهاندا.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران و گەلە تێکۆشەرەکەی و سوپای پاسداران هەر لە ڕۆژانی سەرەتایی و دژواری ڕوبەڕوبونەوەی داعش هاوکاری خۆیان بۆ عێراقییەکان دەستپێکرد و شەهیدێکی زۆریشیان لەم پێناوەدا هەبووە، حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ڕیزی یەکەم کەساندا بوون کە فەتواکەی مەرجەعیەتی باڵایان بۆ پاراستنی عێراق و لەناوبردنی داعش خستە بواری جێبەجێکردنەوە./.