بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە بۆنەی دووەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهیدانی خۆڕاگری بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: لە دووەم ساڵۆگەڕی شەهیدبوونی فەرماندەکانی سەرکەوتن، حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، بە شانازییەوە یادی خۆڕاگریی بوێرانەی ئەم دوو قارەمانە و خەباتی ڕۆژانی سەخت و دژواری ئەوان دەکەینەوە. ئەم دوو شەهیدە گەورەیە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی خاکی پیرۆز لە بەرامبەر تیرۆریزم بەخت کرد.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە عێراقییەکان لەوەدا سەرکەوتن کە بە ئیرادەیەکی بەهێز و بوێریی هێزە چەکدارەکان لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە و هەروەها دەزگای دژە تیرۆر بە پێی فەتواکەی مەرجەعیەتی باڵا ئایەتوڵڵا سیستانی و بە پاڵپشتی دۆستان و دراوسێکان، شکست بە تیرۆریزم بێنن و ناوچەکە و جیهان لە پیلانی داعش ڕزگار بکەن.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ لە گەڵ نزیکبوونەوە لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی نوێ، جەخت لە سەر پێویستیی یەکڕیزی نیشتمانی بۆ سەقامگیری کۆمەڵگا و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش کە هەوڵی لەناوبردنی ئاسایشی ئێمە دەدەن، دەکەینەوە و بە پێویستی دەزانین کە وەفامان بۆ ئەو خوێنانە هەبێت کە بۆ پاڵپشتی لە وڵات و سەروەری و دەسەڵات و سەربەرزیی ڕژاون. عێراقێکی سەربەخۆی سەقامگیر لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقییەکان و وڵاتانی ناوچەکەدایە./.