بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم دواییانەدا كتێبی “جینۆساید لە قەڵادزێوە بۆ شنگال”، لە دووتوێی 150 لاپەڕە، لە نووسینی سەفەر كەریم هاواری، لەلایەن چاپخانەی ئەمازۆنەوە چاپ و بڵاو كرایەوە.
نووسەر لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە دەڵێت: كتێبەكە باسی ئەو تاوانانە دەكات كە لەسەر دەستی ناحەز و نەیار و دوژمنانانمان بەرانبەر بە كوردستان بەگشتی و كوردی باشوور بەتایبەتی ئەنجام دراون.
ئەمە سێزدەهەمین كتێبی چاپكراوی نووسەرە و ڕوونی كردەوە، كتێبەكە تیشك دەخاتە سەر ئەو تاوانانەی لە ساڵانی 1974ەوە تا 2014 ئەنجام دراون، لە كتێبەكەدا بە وردی باسم لە تاوانەكانی كۆمەڵكوژیی و جینۆساید و ئەنفالی ناوچەكانی قەڵادزێ و هەڵەبجە و بارزان و شنگال كردووە، شێوازی گێڕانەوە و باسكردنی تاوانەكان، تێكستگەلی پەخشان ئامێزن و زۆربەیان وەك فیلمی بەڵگەنامەیی لە ساڵانی پێشوودا نمایش كراون.
نووسەر دووپاتی كردەوە، كتێبەكە لە دووتوێی 150 لاپەڕەی رەنگاورەنگدایە، لە چاپخانەی ئەمازۆن لەسەر ئەركی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەچاپ دراوە و ئەمە سێزدەهەمین كتێبی چاپكراومە.
شایەنی باسە سەفەر كەریم هاواری، لە ساڵی 1971 لە دەڤەری هاواری سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایك بووە، دەرچووی كۆلێجی ئاداب بەشی زمانی كوردییە، ئەندامی لقی هەولێری یەكێتی نووسەرانی كوردە، ئێستە مامۆستایە لە پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی هەولێر، خاوەنی 12 كتێبی تری ئەدەبی و مێژوویی و نزیكەی 400 وتار و لێكۆڵینەوەی ترە.