ئاری عەبدوللەتیف لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی کە پێکهێنانی داعش لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پێناو پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دژ بە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی وەک عێراق بووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستانیش بەدەر لەم یارییە نەبووە.
ناوبراو وتی: لەم نێوەندەدا کۆماری ئیسلامی ئێران وەک تاکە هێزی کاریگەر لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، بە کردەیی ناوچەکەی لە مەترسییەکانی داعش پاراست.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتی: پاڵپشتییەکانی ئێران لەم قۆناغە و هەروەها لە قۆناغەکانی ڕابردووش وەک ئەنفال، کیمیاباران و کۆڕەو تا بە ئەمڕۆ ڕوون و ئاشکرایە، هەر بۆیە شەرمە ئەگەر ئەو هاوکاری و بەدەمەوەهاتنەی ئێران باس نەکرێت و بشاردرێتەوە و بووەتە دیوارێک بۆ پاراستنی ئەم دەڤەرە و تەنانەت ناوچەکە.
ئاری عەبدوللەتیف سەبارەت بە ڕۆڵی فەرماندەی شەهید، حاجی قاسم سولێمانی، لە شکستی پیلانگێری داعش، وتی: نموونەی سەرکردەی کردەوە و چالاکییەکانی ئێران لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش، فەرماندە قاسم سولێمانی بووە کە بەدەر لەوەی کەم وێنە بووە لە کارێزمای نێو سەنگەر و گیانبازی بۆ وڵاتەکەی، فاکتەرێکیش بۆ پاراستنی ئەم دەڤەرە بووە و تەنانەت بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش لە سەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی.
ناوبراو وتی: حاشا لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئێران ناکرێت، لە بەر ئەوەی کە ڕۆڵی بەرچاوی لە لاوازبوون و شکستی سەربازیی داعشدا هەبووە.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتی: ئەگەر ئێران نەبوایە، ئێستا چارەنووسی عێراق و گەلانی ناوچەکە بە تایبەت کورد لە لێواری خەراپیدا دەبوو، لە بەر ئەوەی کە بۆچوونێکی ڕاستەقینە هەیە کە ئێران پاڵپشتی ئارامی ناوچەکە بە تایبەت کورد و هەرێمەکەیە.
وتیشی کە ڕاستییە سیاسی و سەربازی و مێژووییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەگەر ترس و پاڵپشتی و تۆڵەی ئەم وڵاتە ئیسلامییە نەبێت حاڵی کورد و عێراق و ناوچەکەش یەکسان دەبوو بە پووشی دەم ڕەشەباوە./.