بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی سوبحانی لە وتووێژی لە گەڵ پێگەی ” العهد ” وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران داگیرکاری لە سوریا لە لایەن هەر وڵات و هێزێکەوە، لە جۆلان بێت یان ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوا یان باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، بە توندی ئیدانە دەکات.
ناوبراو سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا وتی: ئەو هێزانە ناچار بە کشانەوە لە خاکی سوریا دەبن، هەرچەندە ناتوانین باس لە کاتەکەی بکەین بەڵام بە دڵنیاییەوە کە ئەوە ڕوو دەدات و دەبێت ڕوو بدات.
سوبحانی وتی: ئەمریکا چیدی توانای دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکەی نییە بەڵکوو هێزی نوێ هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە و یەکێک لەوانیش بەرەی خۆڕاگرییە، ئەمڕۆ جۆر و زەوی یارییەکە گۆڕاوە.
باڵیۆزی ئێران وتی: دوژمنانی سوریا دەبێت بزانن کە سیاسەتی ئەوان لە بەرامبەر ئەم وڵاتە شکستی هێناوە و بەدەر لە زیان بۆ گەلانی ناوچەکە ئەنجامێکی دیکەی نەبووە./.