بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە پێگەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەمڕۆ شەممە لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە و ئەندامانی ناوەندی بەرزڕاگرتنی دووەم ساڵۆگەڕی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولێمانی، شەهیدبوونی ئەو فەرماندە باڵایەی بەرەی خۆڕاگرییان بە ڕووداوێکی نیشتمانی و ڕووداوێکی نێودەوڵەتی ئیسلامی ناو برد و وتیان: بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سولێمانی لە سەرتاسەری ئێران لە لایەن خەڵکەوە پیشاندەری پێشەنگیی گەلی ئێرانە لە قەدرزانی لەم شەهیدە پلە بەرزە.
بەڕێزیان لە درێژەدا وتیان: فەرماندە ئازیزەکەی گەلی ئێران، ئەو هەموو تێکۆشان و دژوارییەی قبووڵ دەکرد و لە تەمەنی خۆیدا سەرجەم ئەرک و ڕاسپاردەکانی لە بەرامبەر گەلی ئێران و جیهانی ئیسلام جێبەجێ کرد و وەفاداری خۆیی بۆ ئەوان سەلماند.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: حاجی قاسم ئەوەی سەلماند کە دەتوانرێت نیشتمانیترین و لە هەمان کاتدا جەماوەریترین کەسایەتی بیت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پێشوازیی دەیان ملیۆن کەسیی گەلی ئێران لە تەرمی پیرۆزی شەهید سولێمانی، وتیان: ئەم ڕاستییە پیشان دەدات حاجی قاسم نیشتمانیترین کەسایەتی بووە و دەمێنێتەوە، وێڕای ئەوەی کە پێگەی باڵای لە جیهانی ئیسلامیش ئەوە دەسەلمێنێت کە سولێمانیی ئازیز، جەماوەریترین کەسایەتی جیهانی ئیسلام بووە و دەمێنێتەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، حاجی قاسمیان بە نموونەی هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچان ناو برد و وتیان: فەرماندە قارەمانەکەی گەلی ئێران، لە سەرجەم کار و چالاکییە بێ کۆتاییەکانیدا ئەوپەڕی بوێری و ئازایەتی و عاقڵمەندیی پیشاندا و وێڕای ناسینەوەی دوژمن و توانا و ئامرازەکانی، بە بێ هیچ ترسێک پێی دەنایە گۆڕەپانی ڕوبەڕوبونەوە و ئەنجامی سەرسوڕهێنەریشی بە دەست دەهێنا.
بەڕێزیان لە درێژەدا وتیان: ئەمڕۆ سولێمانی لە ناوچەکەی ئێمە بووەتە نموونەی هیوا، متمانە بەخۆبوون، بوێری، ئازایەتی و هێمای خۆڕاگری و سەرکەوتنە و وەک چۆن کە هەندێک بە ڕاستی ئەوەیان وتووە، “شەهید” سولێمانی بۆ دوژمنان مەترسیدارترە لە سەردار (فەرماندە) سولێمانی.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: دوژمنان خەونیان بەوەوە دەبینی کە بە شەهیدکردنی سولێمانی، ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانی ئەوان، کار تەواو دەبێت بەڵام ئەمڕۆ بە بەرەکەتی ئەو خوێنە ئازیز و زوڵملێکراوانە، ئەمریکا لە ئەفغانستان هەڵهاتووە، لە عێراق ناچار بووە باس لە کشانەوە و گۆڕینی ڕۆڵی بۆ ڕاوێژکاری بکات کە ئەڵبەت برایانی عێراقی پێویستە بە ووشیارییەوە بەدواداچوون بۆ ئەمەش بکەن، لە یەمەن بەرەی خۆڕاگری لە پێشڕەویدایە، لە سوریا دوژمن هیوای بە داهاتوو نەماوە و بە گشتی بەرەی خۆڕاگری و دژ بە ڕەوتی ستەمکاری لە ناوچەکە، ئەمڕۆ لە دوو ساڵی ڕابردوو، بەهێزتر، گەشاوەتر و بەهیواتر کار و چالاکییەکانی ئەنجام دەدات.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران شەهید سولێمانییان بە ڕاستییەکی هەمیشە زیندوو ناو برد و وتیان: بکوژانی ئەو وەک ترەمپ و کەسانی دیکە، لە ڕیزی لەبیرکراوەکانی مێژوودا دەبن و لە زبڵدانی مێژوودا ون دەبن و لە ناو دەچن، ئەڵبەت لە پاش ئەوەی کە لەم جیهانەدا تۆڵەی تاوانەکەیان لێبکرێتەوە./.









