بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی سەبارەت بە ڕۆڵی شەهید حاجی قاسم سولێمانی لە گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق، ڕایگەیاند: شەهید سولێمانی تێڕوانینێکی ستراتیژی و درێژخایەنیان لە سەر پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق هەبوو و ئەگەرچی کە بواری چالاکییەکانی ئەوان زیاتر سیاسی و ئەمنی بوو بەڵام بەدواداچوونیان بۆ پرسە ئابوری و ڕۆشنبیرییەکانیش دەکرد.
ناوبراو وتی: بازرگانی و پەیوەندییە ئابورییەکان بە بێ بوونی ئاسایش و سەقامگیری مانایەکی ئەوتۆی نییە، یەکەم هۆکاری کاریگەر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیرییە، ئەگەرچی ماوەیەک داعش لە عێراق بوونی هەبوو بەڵام بە هەنگاوە ستراتیژییەکانی شەهید سولێمانی لە ناو خاکی عێراق ئەمڕۆ هەلومەرجی ئەوە دابین کراوە کە بتوانین لە گەڵ عێراق بازرگانیمان هەبێت.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق وتی: ڕۆڵی شەهید سولێمانی لە بەرەنگاربوونەوە و شکستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە مێژوودا دەمێنێتەوە.
پێکهێنانی ناوەندی گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و عێراق بە هەوڵی شەهید سولێمانی
حوسێنی وتی: بۆ ئەوەی کە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق ڕوو لە گەشەسەندن بکات، شەهید سولێمانی هەوڵیدا تا تۆڕەکانی کارەبا، گاز، هێڵی ئاسن و پەیوەندییەکان پێکەوە ببەسترێنەوە و هەوڵی ئەوەشیاندا کە هەر کەسێک نەتوانێت کاریگەری لە سەر ئەم پەیوەندییانە دابنێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە پێکهێنانی ناوەندی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و عێراق وتی: حاجی قاسم بە پێکهێنانی ئەم ناوەندە هەوڵیدا تا هەنگاو بە هەنگاو کێشەی بازرگانەکان لە ئێران و عێراق چارەسەر بکات و بە ڕێنمایی و پاڵپشتی شەهید سولێمانی ئەم ناوەندە ژێرخانی پێویستی لە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات دابین کرد بە شێوازێک کە لە ئێستادا لە ڕۆژئاوا تا باشوری وڵات لە چەندین شوێندا دەرفەتی گەیشتن بە بازاڕەکانی عێراق دابین کراوە.
سەید حەمید حوسێنی وتی: لە سنورە هاوبەشەکان لە گەڵ عێراق چەندین خاڵی گومرکی فەرمی و چەندین بازاڕچە هەیە و لە ڕێگای دەریا و ئاسمانیشەوە لە گەڵ ئەم وڵاتە لە پەیوەندیداین و ئەم ژێرخانانەش بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەستمان بە بازاڕی عێراق بگات و خەڵکی هەر دوو وڵاتیش بە ئاسانی لە ڕێگای خاڵە سنورییەکانەوە هاتووچۆ دەکەن.
کردنەوەی ناوەندی بارەگا پیرۆزەکان کاریگەریی لە سەر پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و عێراق هەبووە
حوسێنی بە ئاماژە بە کردنەوەی ناوەندی بارەگا پیرۆزەکان وەک یەکێک لە هەنگاوە کاریگەرەکانی شەهید سولێمانی لە گەشەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق، وتی: کردنەوەی ئەو بارەگایە بە دڵنیاییەوە بۆ گەلانی ئێران و عێراق گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەو ناوەندە ئەگەرچی هەڵگری تایبەتمەندی مەعنەوییە بەڵام دەتوانێت ڕۆڵیشی لە گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکاندا هەبێت.
دەستپێکردنەوەی ڕێپێوانەکەی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن (ع) لە هۆکارەکانی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراقە
ناوبراو ئاماژەی بە یەکێکی دیکە لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی شەهید سولێمانی بۆ گەشەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق دا و وتی: دەستپێکردنەوەی ڕێپێوانی ئەربەعین یەکێکی دیکە لەو هەنگاوە کاریگەرانەیە کە ڕۆڵی بەرچاوی لە بەهێزبوون و بەردەوامیی پەیوەندییەکاندا هەبووە. ڕێپێوانی ئەربەعین نەریتێکی عێراقییە و ساڵانێکی زۆرە خەڵکی ئەم وڵاتە لە شار و ناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی کەربەلای دەکەن.
حوسێنی وتی: شەهید سولێمانی پەرەیان بەم نەریتە کۆنە دا و بووە هێمایەکی یەکگرتنی ئێرانییەکان و عێراقییەکان و دواتریش چەندین وڵاتی دیکە پەیوەندییان بەم ڕێپێوانەوە کرد و ئەمڕۆ بووەتە بۆنەیەکی گەورە و جەماوەریی شێعەکانی جیهان و ساڵانە بە چەندین ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە بەشداریی تێدا دەکەن.
لە ساڵی 2004 ەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق ڕووی لە گەشەسەندن کرد
حوسێنی وتی: لە کاتێکدا کە ساڵانێکی زۆر لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی، بە دەستپێکی زاڵبوونی بەریتانییەکان لەم وڵاتە و پاشان لە دەیەکانی 60 و 70 ی زائینی بە هاتنەسەرکاری حکومەتەکانی نوێ لە عێراق و پاش شەڕی ئێران و عێراق و دەرکردنی ئێرانییەکان پەیوەندییەکی دۆستانەمان لە گەڵ ئەم وڵاتە نەبوو، بەڵام لە ساڵی 2004 ەوە بە دەستپێکردنی هەنگاوی پێویست، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان ڕووی لە گەشەسەندن کرد و بوونی ئێمە لە بازاڕەکانی عێراق جیدیتر بووە.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق وتی: لە ڕووی مێژووییەوە تا ڕادەیەک بەراورد بە ڕکابەرەکانی دیکەی وەک ئەردەن، تورکیا، سوریا و کوێت لە بازاڕەکانی عێراق دواکەوتنمان هەبوو کە بە هەوڵ و تێکۆشان و دەفرایەتی و توانا و تایبەتمەندییەکانی ئابوریی ئێران بە خێرایی پەرەمان بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکاندا و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە 500 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 9 ملیار دۆلار بەرز بوویەوە.
سەید حەمید حوسێنی وتی: ئەڵبەت لە ساڵانی 2015 و 2016 لە سەردەمی زاڵبوونی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق، هەناردەی ئێران بۆ ئەم وڵاتە لە نزیک 5 تا 6 ملیار دۆلاردا مایەوە بەڵام لە ساڵانی 2018 و 2019 پشکی یەکەمی لە ڕووی کاڵای هەناردەکراوەوە بۆ عێراق بە دەست هێنایەوە.
ناوبراو وتی: لە ساڵانی 2020 و 2021 بازرگانیی ئێران و عێراق کەوتە بەر کاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە ساڵی 2020 بە هۆی داخستنی چەند مانگەی سنورەکان و دابەزینی نرخی نەوت و داهاتی عێراق، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕووی لە دابەزین کرد و هەناردەی ئێران بۆ عێراق گەیشتە کەمتر لە 8 ملیار دۆلار.
وتیشی کە ئەمساڵیش سەرەڕای بوونی کێشەی هەناردەی گاز و کارەبا، هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان هەبووە و تا ئێستا 6 ملیار و 133 ملیۆن دۆلار هەناردەمان بۆ عێراق هەبووە کە مانگانە دەکاتە 750 ملیۆن دۆلار.
زیاتربوونی هەناردەی ئێران بۆ عێراق سەرەڕای پابەندبوونی ئەم وڵاتە بە گەمارۆکانی ئەمریکا
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق وتی کە گەل و حکومەتی عێراق بە هۆی تێکۆشان و هاوکارییەکانی شەهید سولێمانی لە شکستی گرووپی تیرۆریستی داعش خۆیان بە قەرزداری ئێمە دەزانن و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە سەرەڕای پابەندبوونی حکومەتی عێراق بە گەمارۆکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە گەشەسەندن کرد.
حوسێنی وتی: شەهید حاجی قاسم سولێمانی سمبولی خۆڕاگری و تێکۆشانە لە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق و تا کاتێک حکومەتێکی نیشتمانی لە عێراقدا هەبێت بە دڵنیاییەوە کە ناتوانن ئەو تێکۆشانە لە بەرچاو نەگرن./.