بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە، شارەزا لە کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بۆنەی دووەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهید سولێمانی، وتی: حاجی قاسم سولێمانی لە ماوەی سێ دەیەکی ڕابردوو بۆ ڕێگری لە هەژمون و جموجوڵەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە بەرەی خۆڕاگری هەبوو و بەم هۆیەوە ئەمریکا هەوڵیدا تا شەترەنجی سیاسی و جوگرافیی ناوچەکە لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو گۆڕانکاری ببات، بە شێوازێک کە ئەمریکا لە پاش ڕووداوەکەی 11 ی سپتمبێری 2001 بە ئاشکرا هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی بەرەی خۆڕاگریی دەدا.
ناوبراو وتی کە قەیرانی سوریا، شەڕی یەمەن و دۆخی لوبنان بەشێک لە پیلانەکانی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی بەرەی خۆڕاگری بووە و بوونی شەهید سولێمانی لە ناوچەکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەژمونی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی کە سەرجەم پیلانەکانی واشنتن ڕوبەڕوی شکست ببێتەوە.
هانیزادە وتی: ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج بۆشی کوڕەوە هەوڵی تیرۆرکردنی شەهید سولێمانیی دەدا بەڵام لە سەردەمی ترەمپ ئەو پیلانە جیدی بوو و لە ئاکامدا جێبەجێ کرا و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بووە کردەوەیەکی تیرۆریستی کە لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە ڕێکخرا بوو.
ئەم شارەزای کاروباری ناوچەکە وتی کە هەرچەندە نەمانی شەهیدان سولێمانی و موهەندیس بە جەستە بۆ بەرەی خۆڕاگری کەلێنێکی گەورەیە بەڵام ڕۆحی ئەوان زیندووە و ڕێگا و ڕێبازەکەیان بەردەوامیی دەبێت.
وتیشی کە هەلومەرجی ناوچەکە لە بەرژەوەندی بەرەی خۆڕاگریدایە و ئەمریکییەکان بە هۆی نەفرەتی گەلانی ناوچەکە و زۆربوونی تێچووی مانەوەیان لە ئێستادا هەوڵی کشانەوە لە ناوچەکە دەدەن.
حەسەن هانیزادە وتی: هەڵهاتن لە ئەفغانستان، هەلومەرجی عێراق و پێداگریی خەڵک لە سەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هەروەها شکستی ئەو وڵاتە لە سوریا پیشان دەدات کە ئەمریکییەکان لە ڕێگای سەربازییەوە ناتوانن ژئۆپۆلتیکی ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بەرەو گۆڕانکاری ببەن، بەڵکوو سەرەڕای تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە ئێستادا لە بەرژەوەندی بەرەی خۆڕاگریدایە.
ناوبراو وتی: ئەگەرچی چەند ڕژێمێکی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە، بەڵام بە گشتی گەلانی ناوچەکە سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەژمونی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست./.