بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی پەیامەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بەم شێوازەیە:
بسمالله الرحمن الرحیم
بە خۆشحاڵییەوە، هاتنی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری خۆڕاگری و ئاشتی، حەزرەتی مەسیح (ع) و دەستپێکردنی ساڵی 2022 ی زائینی پیرۆزبایی دەڵێم.
ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عیسا ڕۆحی خودا بۆ گەلی ئێران، ئازیز و پیرۆزە و ڕێزگرتنی ئەوان لای موسڵمانان، کەمتر لە مەسیحییەکان نییە. ئەو هێمای خۆڕاگری لە بەرامبەر ستەمکاران و پەیامهێنەری ئازادیخوازی لە بەرەنگاربوونەوەی لە دژی خۆسەپێنەکان بوو. ناوی ئەو پێغەمبەرە گەورەیە و دایکی پاکیان بە چەندین جار لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە.
گۆڕانکارییەکانی جیهان بە تایبەت ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا پیشانیدا کە ئاسایش و چارەنووسی مرۆڤەکان پێکەوە بەسراوەیە. هاوکاریی وڵاتان لەم قەیرانە بە تایبەت لە بواری دابینکردنی ڤاکسێن، لە بەرامبەر ڕێگری و درێغیی هەندێک وڵات لە ناردنی دەرمان و پێداویستییەکانی کەرتی تەندرووستی و گەمارۆدانی گەلان لە لایەن ئەوانەوە، بە ئاشکرا پیشانیدا کە سیستەمی نێودەوڵەتی پێویستی بە دادپەروەری و عاقڵمەندی هەیە.
هیوادارین لە ساڵی نوێ بە کەڵک وەرگرتن لە بەها ئەخلاقییەکانی ئائینە پیرۆزەکان و هاوکاریی هاوبەشی وڵاتان، کێشە و دژوارییەکان لە جیهان نەمێنێت، خۆڕاگریی گەلان لە مسۆگەرکردنی مافەکانی خۆیان بگاتە بەرهەم و بە پێی مزگێنی و بەڵێنی حەزرەتی مەسیح (ع)، حکومەتی مرۆڤە پاکەکانی خودا لە جیهان بە گشتی ببینرێت و مرۆڤایەتی ڕزگار ببێت.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران