بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە گرووپەکانی خۆڕاگری و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی بە هەر بیانوویەک لە دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە دەزانن، یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی سەربازیی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێویستی بە مانەوەی ئەو هێزانە لە چوار بواردا هەیە.
ناوبراو وتی کە لە ئێستادا هیچ هێزێکی ئەمریکی بە ڕآسپاردەی شەڕکردن لە عێراقدا نەماوە و ئەوانەش کە ماونەتەوە لە بواری مەشق و ڕاهێنان، ڕاوێژکاری، ئاڵوگۆڕی زانیاری و دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازی، هاوکاریی هێزەکانی عێراق دەکەن.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی عێراق وتی: هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی لە دوو بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و هەریر لە پارێزگای هەولێر ماونەتەوە و جموجوڵەکانی ئەوان بە هەماهەنگی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق دەبێت.
یەحیا ڕەسوڵ وتی: هێزەکانی عێراق توانای بەرگری و پاراستنی خاکی وڵاتیان هەیە بەڵام پێویستیان بە هاوکاری و مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی هەیە./.