بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ڕەمەزان شەریف وتەبێژ و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وتی: ئەمڕۆ ئێران لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە لە هەلومەرجێکی زۆر باشدایە و ئەمەش بە تێکۆشانی بەردەوامی هێزە چەکدارەکان و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی عێراق مسۆگەر بووە.
ناوبراو وتی: نمایشە سەربازییەکەی ئەم دواییەی باشوری ئێران کۆتایی بە هەڕەشە بێ بنەماکانی ڕژێمی زایۆنیستی و دوژمنانی گەلی ئێران هێنا و ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە دەستی ڕۆڵەکانی ئێران بەردەوام لە سەر چەک ئامادەیە و هەر هەڵەیەکی دوژمنان دەکەنە کارەساتێکی گەورە بۆ ئەوان.
وتەبێژی سوپای پاسداران وتی: بەم هەموو سزا و گەمارۆی دوژمنانەوە گەیشتووینەتە لوتکەی پێشکەوتنی سەربازی و بەرگری.
لیوا ڕەمەزان شەریف وتی: دوژمنان لە هەڵە و پیلانگێڕییەکانیان لە دژی گەلی ئێران پەشێمان دەکەینەوە./.