بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کامێلا هریس جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە نوێترین لێدوانی خۆیدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان، ڕایگەیاندووە کە تاڵیبان چاوەڕوانییەکانی ئەمریکای سەبارەت بە مافی ژنان جێبەجێ نەکردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان پەیوەندی بە هەڵسووکەوتی تاڵیبان لە دۆسیەی مافی مرۆڤدا هەیە.
جێگری وتەبێژی تاڵیبان لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە لە چوارچێوەی یاسای ئیسلامیدا ڕێز لە مافی هاووڵاتیان دەگرێت و مافی هەمووان لەم چوارچێوەدا پارێزراوە.
بیلال کەریمی وتی: لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە دامودەزگاکانی ئەفغانستان وەک فڕۆکەخانەی کابوڵ، وەزارەتی تەندرووستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا چالاکی دەکەن و ئەگەر پێویست بکات ژنانی زیاتریش لەو دامودەزگایانەدا دادەمەرزێن.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا لە 133 زانکۆی ئەهلی، ژنان سەرقاڵی خوێندنن و دڵنیایی بە خەڵکی ئەفغانستان و وڵاتانی جیهان دەدەین کە پابەندی مافی هاووڵاتیانین و لەم بوارەدا گرنگییەکی جیدی دەدەین.
جێگری وتەبێژی تاڵیبان وتی کە وڵاتانی جیهان نابێت دۆسیە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکار بێنن./.