بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی هەماهەنگی گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق، ڕۆژی سێ شەممە، لە سەر کشانەوەی هێزەکانی بێگانە لەم وڵاتە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ڕۆژانە بۆ ئێمە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی عێراق و بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ کشانەوەیان لەم وڵاتە جیدی نین.
خۆڕاگری عێراق ڕایگەیاندووە کە لە پێناو خواستی چەند لایەنەێکی سیاسی کە هاوکاری حکومەت دەکەن، موڵەت بە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا درا تا بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق و مسۆگەربوونی داواکارییەکەی خەڵک جێبەجێ بکرێت.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: خۆڕاگری لەو ماوەیەدا پشوودرێژانە هەڵسووکەوتی کرد تا ڕەنگە حکومەت ئەرکەکەی خۆی بۆ کشانەوەی هێزەکانی بێگانە بە تایبەت ئەمریکییەکان جێبەجێ بکات بەڵام واشنتن پێداگری لەوە دەکات کە هێزەکانی لە عێراقدا بهێڵێتەوە.
خۆڕاگری عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات هێزەکانی لە بنکە سەربازییەکانی ئێستا بهێڵێتەوە، کۆنتڕۆڵی هەرێمی ئاسمانیی عێراقی بە دەستەوە بێت و لەو ناوچانەش کە هیچ تیرۆریستێکی داعشی تێدا نییە سیخوڕی بکات.
لەو بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات بتوانێت بڕیاری سیاسی و ئابوریی عێراقی بە دەستەوە بێت و دەستێوەردانی ئاشکرای لە کاروباری ئەم وڵاتەدا هەبێت بەڵام خەونی ئەمریکییەکان بەوەی کە سەربازەکانیان لە ئاسوودەییدا بن و بنکە سەربازییەکانی ئەوان ئاسایشی پارێزراو بێت، تەنیا خەیاڵە و هیچ کات بەدی ناکرێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەرگری لە نیشتمان مافێکە کە لە سەرجەم یاساکاندا هاتووە و ئەرکێکی ئائینی، نیشتمانی و ئەخلاقییە و خۆڕاگری عێراق لێرە بە دوا ئەو هێزانە ناچار بەوە دەکات بە سەرشۆڕییەوە بکشێنەوە لە بەر ئەوەی کە لە مەڵبەندی شەهیداندا هیچ شوێنی هێزی داگیرکەر نابێتەوە./.