بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئێران لە شاری ورمێ لە گەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کۆبووە.
محەممەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە کۆبوونەوەی تایبەت بە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پەرەپێدان بە هاوکارییەکانی نێوان ئەم پارێزگایە و پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان، وتی: ئێمە گرنگییەکی تایبەت بە خاڵی سنوریی تەمەرچین (حاجی ئۆمەران) بۆ گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا دەدەین و لە لایەکی دیکەوە دەتوانین لە ڕێگای سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە کاڵا و پێداویستییەکانی سوریاش دابین بکەین.
ناوبراو وتی: دەتوانین لە ڕێگای هەولێرەوە ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا بکەین کە ئەمە مێژوویەکی زۆر گرنگیشی هەیە.
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وتی: ئامادەین پێشانگایەکی تایبەت بە بەرهەمە ناوخۆییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە هەولێر و دهۆک بەڕێوە ببەین.
موعتەمدیان وتی: هیچ سنورێک بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان و بە تایبەت پارێزگای هەولێر دانانێین.
هەر لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا پارێزگاری هەولێر وتی کە ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئێران دەدەین.
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وتی: بۆ ڕێگری لە بێکاریی شۆفێرەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانین کۆمپانیایەکی هاوبەش بکەینەوە.
ناوبراو وتی: چەندین کێشەی وەک زیاترکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن، کەمکردنەوەی پشووەکان و …. لەو کێشانەن کە دەتوانین لە ڕێگای وتووێژەوە بگەینە چارەسەرێکی پێویست.
پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی کە ئامادەین ئاسانکاری بۆ بەڕێوەچوونی پێشانگای تایبەتی بازرگانیی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بکەین./.