بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: ئێران و عێراق هەوڵی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی هاوبەش و سیاسەتی بازرگانی دەدەن کە بە پێی ئەوەش ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکانی نێوانیان زیاتر دەبێت و هەروەها هاوسەنگییەکیش لە ڕووی بازرگانییەوە بەدی دەکرێت تا ئامانجی 20 ملیار دۆلاریی بازرگانی مسۆگەر ببێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە سەدا 17 زیادی کردووە و وتی: لە 8 مانگەی سەرەتای ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی 6 ملیار و 200 ملیۆن هەناردەمان بۆ عێراق هەبووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق وتی: چەندین پلان و سیاسەتمان لە گەڵ عێراق هەیە کە یەکێک لەوان پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق هەبووە و لایەنی عێراقی بەڵێنی جێبەجێکردنی خێرای پرۆژەکەی داوە.
ئالی ئێسحاق ڕایگەیاند کە پلانی دووەم، ترانزێتی کاڵایە بۆ عێراق و وتی: لە ئەگەری مسۆگەربوونی ئەم پلانەش دەتوانین بەشێک لە پێداویستییەکانمان لە ڕێگای عێراقەوە دابین بکەین، لە ڕاستیدا بە پەسەندکردنی یاسای ترانزێتی عێراق دەتوانین نزیکەی 6 ملیار دۆلار کاڵای سەرەکی و پێویستی ئێران لە ڕێگای ئەم وڵاتە دراوسێوە هاوردە بکەین.
وتیشی: لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق، بەشێکی زۆری هەناردەی ئێرانە و هاوردەیەکی زۆر کەم لە عێراقەوە دەکرێت لە بەر ئەوەی کە ئەم وڵاتە وەبەرهێنانی نییە کە بمانەوێت کاڵایەک هاوردە بکەین، ئێمە دەمانەوێت کە هاوسەنگییەک لە بواری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا هەبێت و بۆ ئەمەش چاوەڕوانی پەسەندکردنی یاسای ترانزێتی کاڵا لە پەرلەمانی عێراق دەکەین لە بەر ئەوەی کە حکومەت پەسەندی کردووە، لە ئەگەری ئەوەش عێراق دەبێتە ڕێگایەکی ترانزێتی بۆ ئێران و دەتوانین کاڵای وڵاتانی دیکە لەم ڕێگایەوە هاوردە بکەین.
یەحیا ئالی ئێسحاق وتی: بەم شێوازە دەتوانین بەشێک لە پارە و قەرزەکانمان لە عێراق وەربگرین و هاوسەنگییەک بەدی بکرێت و ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکانیش زیاتر بکەین.
ناوبراو وتی: پلانی دیکە بەدواداچوونە بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵا بۆ وڵاتی عێراق، بە واتای ئەوەی کە بارهەڵگرە ئێرانییەکان لە خاڵە سنورییەکان ناچار بە ئاڵوگۆڕی بارەکانیان نەبن و ئەمەش بۆ بارهەڵگرە عێراقییەکان بە هەمان شێوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق وتی: هەر دوو وڵات دەمانەوێت ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بکەینەوە، هەرچەندە کە لە ساڵانی ڕابردوو هەندێک جار ئەو ڕێژەیە گەیشتووەتە 14 ملیار دۆلار، پێشبینی ئەوەش دەکەین بۆ ساڵی 2022 بتوانین ڕێژەی 14 ملیار دۆلار مسۆگەر بکەین.
وتیشی کە بڕیارە لە خاڵە سنورییەکان 5 شارۆچکەی پیشەسازی هاوبەش بکەینەوە کە وەک ناوچەی ئازاد چالاکی بکەن و وەبەرهێنەران بتوانن پەیوەندییەکی باشتریان هەبێت.
یەحیا ئالی ئێسحاق وتی: بە پێی ڕێکەوتنەکانی نێوان بانکی ناوەندیی ئێران و عێراق، ئازادکردنی پارە و قەرزەکانی ئێران لە بواری جێبەجێکردندایە، بەشێکی زۆری ئەو پارەش پەیوەندی بە قەرزەکانی کارەبا و گازەوە هەیە و کەرتی تایبەتی عێراق قەرزی لا نییە و هەر کاڵایەک کە هەناردە کراوە پارەکەی وەرگیراوە، تەنیا بەشێک لە بەڵێندەرە ئێرانییەکان لە بەشی خزمەتگوزاری تەکنیکی، ئەندازیاری و ئاوەدانکردنەوە کێشەیان ماوە کە هەوڵ دەدەین ئەوەش چارەسەر بکرێت./.