بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد ئەبولغەیس ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لەو بەیاننامەیەدا جەختیکردەوە کە بەرنامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ درووستکردنی شارۆچکەکان لە ناوچەی داگیرکراوی جۆلان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە کە بە پێی ئەوانەش جۆلان خاکی داگیرکراو هەژمار دەکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بەفەرمی ناساندنی داگیرکاریی جۆلان لە لایەن وڵاتێکەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕاستییەکانیدا ناخوڵقێنێت.
ئەبولغەیس جەختیکردەوە کە بەدەر لەم هەلومەرجەی ئێستای سوریا و هەڵپەساردنی ئەندامبوونی لە کۆمکاری عەرەبی، پاڵپشتیی ناوچەیی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە بە بنەمایەکی نەگۆڕ لە یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت و هیچ گومانێک لە سەر ئەمەش نییە.
کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی 317 ملیۆن دۆلار بودجەی بۆ درووستکردنی شارۆچکەکان و زیاتربوونی دانیشتووانی زایۆنیست لە جۆلانی داگیرکراو تەرخان کردووە./.