بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێرمحەممەد ستانکزی بە ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی ئەفغانستان، وتی: شەڕی ئەمریکا لە دژی ئەفغانستان لە ڕووی سیاسی، ئابوری، هەواڵگری و میدیاییەوە هێشتا بەردەوامە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا لە ساڵی 2001 بە ڕۆژی ڕووناک هێرشی کردە سەر ئەفغانستان بەڵام لە ساڵی 2021 لە نزیک کاتژمێر 12 ی شەو لەم وڵاتە هەڵهات.
جێگری وەزیری دەرەوەی تاڵیبان وتی: هەر وڵاتێکی دیکە نیازی پیلانگێڕیی لە دژی ئەفغانستان هەبێت ئێمە بۆ بەرگری لە خاکی خۆمان توانای چل ساڵ شەڕی دیکەمان هەیە.
شێرمحەممەد ستانکزی وتی: ئەمریکا دەبێت واز لە ئەفغانستان بێنێت تا ئێمە سەر لە نوێ وڵاتی خۆمان بونیاد بنێینەوە.
ناوبراو داوای لە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان کرد کە سنورەکانیان بە ڕووی ئەم وڵاتەدا بکەنەوە تا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەردەوام بێت./.