بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” میدل ئیست ئای ” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە شاری مەئرب وەک پێگەی حکومەتی دەست لە کار کێشراوی یەمەن بە پاڵپشتی حکومەتی سعوودیە، لە ئێستادا بووەتە ناوەندی بەرەنگاربوونەوە و خەباتی مانەوە و ئەمەش پیشان دەدات کە سیاسەتەکانی سعوودیە تا چەندە شکستی هێناوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە گۆڕانکاری لە پێگەی هێزەکانی سعوودیە لە بەرەکانی شەڕ پیشاندەری قۆناغێکی نوێی شەڕە و بردنەوەی کەرەستەکانی شەڕ و داخستنی بنکە سەربازییەکان هۆکراێکە بۆ هەوڵی دەربازبوون لە شەڕێکی درێژخایەن.
لاوازبوونی هاوپەیمانی سعوودیە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەنساروڵڵا پیشاندەری بێ کاریگەربوونی ئەو هاوپەیمانییە لە شەڕی یەمەنە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە توندی ڕەخنەیان لە هێرشەکانی سعوودیە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو هێرشانە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی ڕاگرتووە و بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ملیۆنان یەمەنی لە جیهان.
گەورەترین هۆکاری شکستی سعوودیە لە شەڕی یەمەن لە قۆناغی ئێستا بۆ پێشڕەوییەکانی ئەنساروڵڵا لە بەرەی شەڕی مەئرب دەگەڕێتەوە، تەنانەت ئەمریکییەکانیش ئەو پەیامەیان بە سعوودیە داوە کە یەمەنییەکان هەست بەوە دەکەن بە تەواوی لە مەئرب سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن و بەم هۆیەوە ئامادە نابن لە هەر دانوستانێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن ئیمتیازێک بە لایەنی بەرامبەر بدەن.
ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا (CSIS) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکانی سعوودیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. مامناوەندی ژمارەی هێرشەکانی ئەنساروڵڵا بۆ سەر سعوودیە و ئامانجەکانی دیکە بە شێوازی مانگانە لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2021 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2020 دوو هێندە زیادی کردووە و لە 38 هێرش لە مانگدا گەیشتووەتە 78 هێرش.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەنساروڵڵا لە شێوازی هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرەکان و ئامانجە دەریاییەکانی دیکە کەڵک وەردەگرێت و لانیکەم 24 هێرش یان هەوڵدان بۆ ئەم جۆرە هێرشەی بە درۆن لە کانوونی دووەمی 2017 تا حوزەیرانی 2021 هەبووە.
تواناکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا بە تێچوویەکی کەم، بە تایبەت بەراورد بە ڕێژەی تێچووە سەربازییەکانی سعوودیە بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی بە شێوازی بەرچاو گەشەی کردووە.
سعوودیە لە گەڵ هاوپەیمانییەکی عەرەبی و بە پاڵپشتی ئەمریکا لە مانگی ئاداری 2015 بە ئامانجی گەڕانەوەی سەرۆک کۆماری دەست لە کار کێشراوی یەمەن هێرشێکی بەربڵاوی کردووەتە سەر ئەم وڵاتە.
ئەم هێرش و دەسدرێژییە سەربازییەش هیچ یەک لەو ئامانجانەی سعوودیە و هاوپەیمانەکانی مسۆگەر نەکردووە و تەنیا کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و ڕووخانی ژێرخانە ئابورییەکان و پەرەسەندنی قەیرانە مرۆڤی و کۆمەڵایەتییەکانی لە یەمەن بە دواوە بووە./.