بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ڕویوەران لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی: لە کاتێکدا کە دوا وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گەیشتووە، بەرپرسانی ئەمریکی هەوڵ دەدەن بە کۆکردنەوەی هێزەکانیان لە چەند بنکەیەکی سەربازی و بە بیانووی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکاری لە عێراقدا بمێننەوە.
ناوبراو وتی: لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی پیشان دەدات کە ئەوان هەوڵ دەدەن بەم پاساوە هێزەکانیان لە عێراقدا بهێڵنەوە و تەنیا ناوی ئەو هێزانە لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی ڕاوێژکار دەگۆڕدرێت.
ڕویوەران وتی: ئەمریکا 60 فڕۆکەی ئێف 15 ی داوەتە عێراق و لە بەرامبەر ئەمەش دەیەوێت 3 هەزار هێزی ڕاوێژکار لەم وڵاتەدا بهێڵێتەوە، واتە لە بەرامبەر هەر فڕۆکەیەک 50 ڕاوێژکار، ئەمەش تەنیا درۆ و فریودانێکی گەورەیە.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە لە درێژەدا وتی: تەنیا ڕێگای دەربازبوونی عێراق لەم کێشەیە بەردەوامیدانە بە خۆڕاگری و هەر ڕێکەوتنێک لە گەڵ ئەمریکییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر مانەویە ئەو هێزانە بە هەر بیانوو و پاساوێک تەنیا زیانی بۆ عێراق دەبێت./.