بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی سەبارەت بە دوایین دۆخی هەناردەی ئێران بۆ عێراق، وتی: بازرگانیی جیهانی لە ساڵانی 2020 و 2021 لە ژێر کاریگەری قەیرانی کۆرۆنادا بووە و بەم بۆنەشەوە بازرگانیی ئێمە لە گەڵ عێراق کاریگەریی بەرکەوتووە و داخستنی سنورەکانی عێراق چەند مانگ لە پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وایکرد کە ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ ئەم وڵاتە لە ساڵی 2020 بەرەو دابەزین بڕوات.
ناوبراو وتی: داخستنی سنورەکان، دابەزینی ڕێژەی هەناردەی نەوتی عێراق و لە ئەنجامی ئەمەش کەمبوونەوەی داهاتەکانی ئەم وڵاتە لەو کاتەدا وایکرد کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دابەزێت و هەناردەی ئێران بۆ عێراق بگاتە کەمتر لە 8 ملیار دۆلار.
حوسێنی وتی: بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای کێشە ناوخۆییەکانی هەناردەی گاز و کارەبا، هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ عێراق هەبووە و لە 8 مانگی سەرەتای ئەمساڵی کۆچی هەتاوی هەناردەی ئێمە بۆ عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 6 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار و بەم پێیەش ڕێژەی هەناردەی مانگانە نزیکەی 750 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق، وتی: بە بەردەوامی ئەم ڕەوتەش دیسانەوە دەگەینە ئامارەکانی هەناردەی پێشوو بۆ عێراق، واتە هەناردەی بێ کارەبا و ئەگەر ئامارەکانی ترانزێت لە ڕیزی ئامارەکانی هەناردەدا هەژمار بکرێت، ڕێژەی هەناردە بۆ عێراق لەمەش زیاترە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمساڵ زیاتر لە 5 ملیۆن تەن کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق ترانزێت کراوە و چەندین وڵاتی وەک تورکیا و ئیمارات ئاماری ترانزێتی کاڵا لە ڕیزی هەناردەی خۆیان بۆ عێراق هەژمار دەکەن.
وتیشی کە پشکی ئێران لە بازاڕی عێراق لە ڕووی کەرەستە و پێداویستی بیناسازی، مادەی خۆراکی، بەرهەمە نەوتییەکانی و پترۆکیمیا، کەرەستەی نێوماڵ، جلوبەرگ، مۆبێلات و پێڵاو بەرچاوە./.