بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت و ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا لە کۆبوونەوەیەکدا چۆنیەتی هاوکاری هاوبەشیان لە بواری کارەبا، نرخی گاز و دابەزینی نرخەکان تاوتوێ کرد.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی کارەبای عێراقدا هاتووە کە هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا وێڕای وتووێژ سەبارەت بە هەناردەی گازی ئێران بۆ بەردەوامیی دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی وەبەرهێنەری کارەبا، نرخی گاز، ئەگەری دابەزاندنی نرخەکان و گرێبەستە هاوبەشەکانیان تاوتوێ کرد.
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لەو کۆبوونەوەدا وتی: حکومەتی ئێران درێژە بە هاوکارییەکانی لە گەڵ عێراق دەدات و هیوادارین سەرجەم کێشە و بەربەستەکان چارەسەر بکرێت، ئێران وزەی سنورداری هەیە و ئەگەری هەناردەی بەربڵاوی بۆ عێراق نییە بەڵام بە پێی هاوکارییەکان و پەیوەندییەکانی دەیەوێت لەم بوارەدا ئەوەی بتوانێت جێبەجێی بکات.
لە لایەکی دیکەوە عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت وتی: دەبێت هەر دوو لا پابەندی گرێبەستەکان بن و نرخی وزەش بۆ هەر دوو لا گونجاو بێت.
وتیشی کە دەبێت بۆ بەردەوامیی گرێبەستەکان حکومەتی عێراق بڕیار بدات بەڵام پێمان خۆشە درێژە بە هاوکارییەکانمان لە گەڵ ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا بدەین./.