بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەکانی جیهادی ئیسلامی و حەماسی فەڵەستینی لە دوو بەیاننامەدا بە ئاماژە بە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و زیاتربوونی دەستبەسەرکردنەکان و هێرشی سەر فەڵەستینییەکان، داوای یەکگرتوویی و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەنگاوانەیان کرد.
لە بەیاننامەکەی جیهادی ئیسلامیدا هاتووە کە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەمڕۆ هەینی محەممەد عەمارنەیان لە شارۆچکەی یەعبد لە ناوچەی جنین لە پاش چەند ڕۆژ ئازادی دووبارە دەستبەسەر کردەوە. هاوکات ڕژێمی زایۆنیستی توانای کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەنشینەکانی لە دژی خەڵکی فەڵەستین نییە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەماهەنگی ئەمنیی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە خزمەتی زایۆنیستەکانە.
جیهادی ئیسلامی لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە خۆڕاگری فەڵەستینییەکان تاکە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیستەکانە و دەبێت سەرجەم لایەنەکان بە هەموو توانایەکەوە بەرگری لە خەڵک بکەن و فەڵەستینییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی زایۆنیستی پێکەوە یەکگرتوو بن.
هەروەها بزوتنەوەی حەماسیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە دەبێت خۆڕاگریی هەمەلایەنە لە لایەن لایەنەکانی فەڵەستینیەوە لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی پەیرەو بکرێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە خۆڕاگری بە هەر شێوازێک بە تایبەت خۆڕاگریی چەکدارانە، وەڵامێکی کردارییە لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی./.