بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانەکانی حکومەتی بەریتانیا و هەڵوێستی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە سەر پلانی بەرگریی ئێران، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بە پێی پێویستیی بەرگری خۆی هەنگاو دەنێت و ئەو جۆرە لێدوانانە نەک تەنیا دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی ئێران بەڵکوو پیشاندەری سیاسەتی دژ بە یەکی لەندەنە.
ناوبراو وتی: بەریتانیا لە کاتێکدا نیگەرانی خۆی لە سەر پلانی بەرگری ئێران ڕادەگەێنێت کە بەردەوامە لە فرۆشتنی کوشندەترین چەکەکان بە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوچە پڕ لە قەیرانەکانی دیکەی جیهان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: پلانی ناوەکیی ئێران بە پشت بەستن بە هەزاران کاتژمێر چاودێری و ڕاپۆرتە بەردەوامەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە و ئێران هیچ کات پلانێکی ناوەکی سەربازیی نەبووە و نایبێت کە بیەوێت پلانی مووشەکی خۆی بە پێی ئەوە دابڕێژێت، بەریتانییەکانیش باشتر لە هەر لایەنێکی دیکە دەزانن کە پلانی مووشەکیی ئێران بە پێچەوانەی بڕیاری ژمارە 2331 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوەڕۆکەکەی نییە، ئەوە بەریتانیایە کە بە خوێندنەوەی هەڵەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێلی دەکات.
خەتیب زادە بە ئیدانەکردنی هەوڵەکانی بەرپرسانی بەریتانیا لە دژی ئێران، وتی: ئەوەی کە پەرەی بە ڕەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە بە تایبەت لە یەمەن داوە و ئەو کارەساتە مرۆڤییەی خوڵقاندووە، سیاسەتی فرۆشتنی چەکی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایە بە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەو وڵاتانەن کە دەبێت لە بەردەم خەڵکی زوڵملێکراوی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وەڵامدەرەوەی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکانی ئێستا بن.
ناوبراو جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پلانی بەرگریی خۆی نە لە کەسێک موڵەت وەردەگرێت و نە دانوستانیشی لە سەر دەکات./.