بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی ئێران و فەرزاد پیلتەن بەڕێوەبەری نووسینگەی عەرەبی و ئەفریقی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 22 ی کانوونی یەکەمی 2021، ناوەندی بازرگانی و پێشانگای هەمیشەیی بازرگانیی ئەم وڵاتەیان لە شاری سلێمانی بەسەرکردەوە و لە وتووێژیان لە گەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە، دوایین بەرەوپێشچوونی کارەکەیان تاوتوێ کرد.
لەو بەسەرکردنەوەدا، فەرزاد پیلتەن وێڕای ڕاگەیاندنی هاوکاری و پاڵپشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران لە کردنەوەی ناوەندە بازرگانییەکان لە وڵاتانی جیاجیا، جەختی لە سەر دەستپێکردنی خێرای کارەکانی ناوەندەکەی سلێمانیی کردەوە و وتی کە بۆ هەر پاڵپشتییەک لەم بوارەدا ئامادەییمان هەیە.
ناوەندی بازرگانی و پێشانگای هەمیشەیی بازرگانیی ئێران لە سلێمانی لە بینایەکی 4 نهۆمی بە ڕوبەری زیاتر لە 5 هەزار مەتری چوارگۆشە و توانای نمایشکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی زیاتر لە 100 کۆمپانیا و براندی ئێرانی لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت بەرهەمەکانی 30 کۆمپانیای زانستی، لە یەکێک لە باشترین شوێنەکانی ئەم شارە لە قۆناغی تەواوبووندایە./.