بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندێکی یاوەری، وتی: ناڕزایەتی و سکاڵا لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕەنگە لە هەر سیستەمێکی دیمۆکراسی و خاوەن دەنگی خەڵک هەبێت و گرنگ ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان و تاوتوێکردنی سکاڵاکان بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا تێپەڕ ببێت.
ناوبراو وتی: هەر ئاڵۆزییەکی ناوخۆیی لە عێراق وەک ئاڵۆزیی وڵاتی خۆمان دەزانین و ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی عێراقیش بە قبووڵنەکراو دەزانین و سیاسەتی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە عێراقێکی بەهێزە.
ڕەئیسی بە ئاماژە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتی: ئەم قۆناغەش بەرهەمی خۆڕاگری گەل و بەرپرسانی عێراقە و ئەمریکییەکان چوونەتە هەر وڵاتێک نەکشاونەتەوە، مەگەر ئەو کاتەی کە ڕوبەڕوی خۆڕاگری گەلان بوونەتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و عێراقی بە پێی خاڵە هاوبەشەکان ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم پەیوەندییە لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی گرنگی تایبەتی هەیە و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانیش لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵاتدایە.
فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای دەستخۆشی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاڵپشتی بەردەوام لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق، وتی: پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەروەری و سەقامگیری عێراق بەردەوام جێی سوپاسی گەل و حکومەتی ئێمە بووە./.