دواکەوتنی ئەم سەردانەش خۆی هەڵگری چەندین پرس و پەیامی جیاوازە کە وایکردووە بە هەستیارییەوە سەردانەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. وڵاتانی عەرەبی کەوتوونەتە نێوان ململانێکانی ئێران و ڕژێمی زایۆنیستی، ئەوان بۆ ساڵانێک بە نزیکبوونەوە لەو ڕژێمە خوێنمژە هەوڵ دەدەن بە بیانووی مەترسییەکانی ئێران پاڵپشتی واشنتن بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن یان ئێران لە هاوکێشەکانی ناوچەکە لاواز بکەن بەڵام کاتێک سیاسەتی ترەمپ بۆ زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران شکستی هێنا و ستراتیژی نوێی حکومەتی ئەمریکا بۆ کشانەوەی بەپەلە لە ناوچەکە و ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێرانیان بینی، بە ناچاری هەوڵی ئەوەیان داوە کە بەشێک لە کێشەکانیان لە گەڵ ئێران لە ڕێگای هاوکاری و نزیکبوونەوە چارەسەر بکەن و لە هەڵوێستەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر تاران دوور بکەونەوە. ئەمەش بە نزیکبوونەوەی ئێران و ئیمارات و هەروەها دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعوودیە بینراوە.
لە بەرەی بەرامبەر بەڵام زایۆنیستەکان بۆ بەردەوامیدان بە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی، هەوڵی بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس دەدەن. لە ڕاستیدا چەشنێک لە کێشمەکێشی دیپلۆماسی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس دەبینرێت. ئەگەر کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە وەک زیاتربوونی ڕۆڵی کاراکتەرە ناوچەییەکان لە سیستەمی نوێی ئەمنی ناوچەکە ببینین، چۆنیەتی پێکهێنان و ڕۆڵی هاوپەیمانییەکان خاڵێکی گرنگ لەم سیستەمەدا دەبێت. دیار نییە کە ئایا هاوپەیمانییەکی عەرەبی – زایۆنیستی لە دژی ئێران دەبینین یان ئەوەی کە هاوکارییەکی ئێرانی – عەرەبی بە بێ بوونی زایۆنیستەکان سەرهەڵدەدات.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس کەوتوونەتە نێوان دوو بژاردەی دژوار: هاوکاری لە گەڵ ئێران یان هاوپەیمانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی. ئەوەش کە بژاردەکانی دژوار کردووە، ئەوەیە کە هەڵبژاردنی هەر یەک لەوان بە واتای دژایەتی و دوژمنایەتی لە گەڵ ئەوی دیکە دەبێت. لە وەها حاڵەتێکدا تەنیا زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا دەتوانن لە هەمان کاتدا کە پەیوەندییان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەیە، پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تارانیش بەردەوام بکەن و ئەم ڕۆڵەش لە دەرەوەی توانای وڵاتانی شێخ نشینی عەرەبی ناوچەکەیە./.