بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار جەعفەری جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا شەوی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ئەلمەیادین وتی: ئێمە لە سوریا سەرکەوتنێکی گەورەمان تۆمار کردووە بەڵام شەڕ هێشتا تەواو نەبووە و ڕاستەوخۆ بووینەتە هۆکاری زۆربەی پیلانگێڕییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەر ئەوە دژایەتی سوریا دەکەن کە ئێمە بووینەتە هۆکاری شکستی پیلانەکانی ئەوان لە ناوچەکە.
جەعفەری وتی: سوریا دەرگاکانی بە ڕووی ئەمریکادا دانەخستووە بەڵام داوای ئەوە دەکات کە سیاسەتی واشنتن لە بەرامبەر دیمەشق و ناوچەکە لە سەر بنەما ڕاستییەکان بێت.
وتیشی: ئێمە لە سەر بنەمای ڕاستی سیاسەت دەکەین و دەزانین کێ لە ناوچەکە داگیرکار، کێ هاوپەیمان و کێ دۆست و کێ خۆڕاگرە.
جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: بڕیاری سەرۆکایەتی سوریا و هەروەها خەڵکەکەی، ڕەتکردنەوەی هەر داگیرکارییەکە لەم خاکە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەخت لە سەر پێویستی ڕێزلێنان لە سەروەری و یەکپارچەیی سوریا دەکاتەوە.
بەشار جەعفەری وتی: کرانەوەیەک لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە سەبارەت بە سوریا کراوە و سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بەڵگەیە لە سەر ئەوە، سوریاش گەورەتر لەوەیە کە بیەوێت وەڵامی لێدوانی فەرمانبەرێکی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لێرە و لەوێ بداتەوە.
ناوبراو وتی: 14 باڵیۆزخانەی عەرەبی لە سوریا چالاکی دەکەن و ئەوانەش دژایەتی وڵاتی ئێمە دەکەن لە کەمینەدان، هەروەها ئێمە وەک دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبی لێی نەکشاوینەتەوە./.