بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا شەوی دووشەممە جەختیکردەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لەم وڵاتەدا بەڕێوە ناچێت.
ناوبراو وتی: ئێمە لە پیلانی ئەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن لە پشتەوە خەنجەر لە وڵات و گەل بدەن ئاگادارین.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: لە چەند مانگی داهاتوودا دەبینین کە چۆن ڕێژەی هەڵئاوسان لە وڵاتدا بەرەو دابەزین دەڕوات، ئێمە لە 19 ساڵی ڕابردووەوە وڵاتمان لە دەستەوەیە و دەزانین چۆن ئابورییەکەی بەڕێوە ببەین.
ئەردۆغان وتی کە بە دابەزینی نرخی سوودی بانکی دەبینین کە چۆن ڕێژەی هەڵئاوسان لە تورکیا دادەبەزێت.
عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیمۆکراسی و پێشکەوتنی تورکیا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە تورکیا کردبوو و ڕاشیگەیاندبوو کە ئەردۆغان ئەمەی بە دڵ نییە لە بەر ئەوەی کە دەزانێت تووشی شکست دەبێت./.