بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە لە کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری ئیسلام ئاوای پایتەختی پاکستان سەبارەت بە ئەفغانستان، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاسایشی بەردەوام و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەفغانستان لە پێناو ئاسایشی گشتی ناوچەکە دەزانێت و پێی وایە کە ئەوەش تەنیا لە ڕێگای هاوکاری هاوبەشی ڕاستەقینە و پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە بەشداری سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان و لایەنەکانی ئەفغانستان دابین دەکرێت.
ناوبراو وتی: دواکەوتنی ئەمەش دەرفەتی پێویست دەداتە دوژمنانی خەڵکی ئەفغانستان تا بە پەرەسەندنی تیرۆریزمی داعشی و کێشە و قەیرانە ئابوری و داراییەکان، پەرە بە هەژاری و برسێتی لە پاش 20 ساڵ داگیرکاری و لەناوبردن بدەن و لاوازبوون و شکست بە سەر بەرپرسان و خەڵکی ئەفغانستاندا بسەپێنن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەدا وتی: ئاشتەوایی نیشتمانی، یەکڕیزی نیشتمانی و بەشداری لە حکومەت و حکومڕانی لە گەڵ هەوڵی خێرخوازانەی وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و ئیسلامی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ناسەقامگیری و هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان، بەپەلەترین هەنگاوە بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی ئەفغانستان و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی ڕوون بۆ ئەم وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو میوانداریی لە ملیۆنان کۆچبەر و ئاوارەی ئەفغان کردووە و ئەوانیش لە ئەنجامی داگیرکاریی ئەمریکا وڵاتی خۆیان جێهێشتووە.
ناوبراو وتی: هەلومەرجی ئەمڕۆی ئەفغانستان بە هۆی ناسەقامگیری، تیرۆریزم و قەیرانی ئابوری و دارایی، شەپۆلێکی پەنابەرانی ڕۆژانەی بە سەر ئێراندا سەپاندووە و ڕۆژانە زیاتر لە 5 هەزار کەس لە ئەفغانستانەوە ڕوو لە ئێران دەکەن.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای گۆڕانکارییەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئەفغانستان، وێڕای کرانەوەی بەردەوامی سنورەکان، ئاسانکاریی بۆ هاتووچۆی خەڵک و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان کردووە و تا ئێستاش بەردەوام هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی خۆیی پێشکەش بە خەڵکی ئەم وڵاتە کردووە.
ناوبراو چوار پێشنیاری ئێرانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەفغانستان خستەڕوو و وتی: یەکەم، ئەوەی کە وڵاتانی ئیسلامی، دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەفغانستان و سەرجەم لایەنەکان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر هان بدەن. دووەم ئەوەی کە خەڵکی ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری بەپەلەی مرۆڤدۆستانە هەیە و پێکهێنانی سندۆقی دارایی نێوان وڵاتانی ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە بە پێویست دادەنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا وتی: سێهەم پێشنیار ئەوەیە کە سەرجەم داراییە ڕاگیراوەکانی ئەفغانستان ئازاد بکرێن و چوارەم پێشنیاریش ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە یارمەتیدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و ڕێگری لە سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆڤی لە ئەفغانستان./.